هەسەدە و ئیدارەی نوێی سووریا رێککەوتنێک لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان دەکەن

01-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی نوێی سووریا، رێککەوتوون دیلەکانی شەڕ ئازاد بکەن و ئاسایشی دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەبیش بە ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی سووریا بسپێردرێت.
 
روانگەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2025) بڵاوی کردووەتەوە، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان ئیدارەی نوێی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە، کە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، لەوانە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش" کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بە هەمان کادرەوە دەگۆڕێن بۆ هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەر بە "خۆبەڕێوەبەری" دەبن.
 
هەر بە گوێرەی رێککەوتنەکە؛ ئیدارەی نوێی سووریا 170 دیلی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئازاد دەکات و ژمارەیەک تەرمی شەهیدان رادەست دەکاتەوە، لە بەرامبەردا هەسەدە 400 دیل و تەرمی گرووپە چەکدارەکان رادەست دەکاتەوە.
 
سەبارەت بە عەفرین، هەسەدە داوای گەرەنتی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات، ئەو گەرەنتیانەش بریتیین لە دەرچوونی ئەو گرووپە چەکدارانەی تورکیا پاڵپشتیان دەکات و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە ئاسایشی گشتی، "چونکە دانیشتووانی متمانەیان بە گرووپە چەکدارەکان نییە."
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. 
 
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێکی دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە، "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتیی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستوورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان، تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. 
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سوپای نوێی سووریا لە رۆژئاوای وڵاتەکە.

ئەمنستى: چەکداری بیانی لە کوشتنی عەلەوییەکانی سووریا بەشداربوون

رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستیى ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند؛ بەشێک لەو عەلەویانەى لە رووداوەکانى سووریا کوژراون، رێگە بە کەسوکاریان نەدراوە بە ئاشکرا و بە رێکارە ئاینییەکان تەرمەکانیان بنێژێت، بەڵکو بەکۆمەڵ نێژراون، هەروەها دەڵێت بەشێک لەو چەکدارانەی بەشداریان لە کوشتنی عەلەوییەکاندا کردووە، بیانین.