رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل دەوروبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لە دیمەشق و ناوچەیەکی دیکەی لە حەما لە نێوەڕاستی سووریا کردووەتە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە، 02-04-2025، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی داگیرکار دەورووبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی کردە ئامانج."
بەگوێرەی ئەو میدیایە، هێرشەکە لە گەڕەکی بەرزە لە دیمەشق کراوە و پێشتر لەوێ دامەزراوەیەکی سەربازی کرابووە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیل دەوروبەری شاری حەمای بۆردوومان کردووە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی ناونەهێنراو ئاشکرای کرد، چوار فڕۆکە هێرشەکانیان کردووە. تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووە یان نا.
لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان پێگەی خۆی قایمتر کردووە.
لەوکاتەوە ئیسرائیل چەندین جار پێگە سەربازییەکانی سووریا، لەوانەش فڕۆکەی جەنگی، سیستمی مووشەک و بەرگری بۆردوومان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ