ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: گەلی ئازادی سووریا رژێمی بەشار ئەسەدیان رووخاند

08-12-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند ئەفسەرێکی باڵای سوپای سووریا رایانگەیاند، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، بە فڕۆکە دیمەشقی پایتەختی سووریای جێهێشتووە و بەرەو شوێنێکی نادیار رۆیشتووە، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شاری دیمەشق. 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 08ـی کانوونی یەکەمی 2024) دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایانگەیاند: "گەلی ئازادی سووریا رژێمی بەشارئەسەدیان رووخاند." هاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سوپای سووریا پێیانڕاگەیاندووە ئەسەد بە فڕۆکە دیمەشقی جێهێشتووە، هیچ هێزێکی سوپاش لە دیمەشقی پایتەختدا بڵاوەیپێنەکراوە.
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە؛ چەکدارانی دەستەی تەحریر شام نزیکبوونەتەوە لە ناوەندی دیمەشق، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق. 
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانیش لە شاری دیمەشق، خەڵکی شارەکە رژانە سەر شەقامەکانی و دەستیان بە ئاهەنگگێڕان و گوتنەوەی درووشمی "ئازادی، ئازادی" کردووە.
 
هەتەشە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەی سێدنایای راگەیاند، کە یەکێکە لە گەورەترین گرتووخانەکانی سووریا و کەوتووەتە دەروازەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەکەش، سەرجەم زیندانییەکانیان ئازاد کرد و رایگەیاند "ئێمەش لەگەڵ گەلی سووریا ئاهەنگ دەگێڕین." 
 
چەکدارانی تەحریر شام هەروەها کۆنترۆڵکردنی باڵەخانەی راگەیاندنی فەرمی حکومەتی سووریایان راگەیاند، رۆیتەرز دەڵێ پاش کەمێکی دیکە هەر لە کەناڵی فەرمیی سووریاوە یەکەم پەیام بۆ گەلی سووریا بڵاودەکەنەوە. 
 
ئەم رووداوانە لەدوای چەند کاژێرێک دێن لە راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری حومس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
 
لەدوای گەیشتنی چەکدارانی تەحریر شام بۆ نێو شاری دیمەشق، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرجەم چەکدارانی کرد، باڵەخانە حکومی و دامودەزگە گشتییەکان بپارێزن، داواشی لە سوپای سووریا کرد بەهیچ شێوەیەک لەنزیک باڵەخانە حکومییەکان نەمێنن.
 
جۆلانی ئاماژەی بەوەش کرد؛ تاوەکو قۆناخی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا، هەر لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە و کارەکان رایی دەکات. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە