بەرپرسێکی ئەمریکی: واشنتن 600 سەرباز لە سووریا دەکشێنێتەوە

18-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، حکومەتی وڵاتەکەی پلانی هەیە نزیکەی 600 سەرباز لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە و بەو جۆرەش نزیکەی 1500 سەرباز لەو وڵاتە دەمێننەوە. 
 
بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، هەواڵی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا راستە، دوای ئەوەی یەکەمین جار رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسی کرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێنتاگۆن "بە گوێرەی پێداویستی و بارە لەناکاوەکان، ناوبەناو جێی هێزەکانی دەگۆڕێت، بۆیە مەرج نییە" هەنگاوێکی لەو جۆرە "شتێکی نائاسایی بێت."
 
هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە یارمەتی ئەو هێزە زۆرینە کوردییە دەدەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها بوونەتە هێزێکی دابڕێنەر بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان. سوپای ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریاش هەیە. 
 
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵی دا هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن بەرهەڵستی بڕیارەکەیان کرد، چونکە پێیان وابوو ئەوە "ناپاکیکردنە" لە هاوپەیمانە کوردەکانیان. لەسەر ئەوە و چەند نیگەرانییەکی دیکە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات، دەستی لە کارەکەی کشاندەوە. 
 
بە کشاندنەوەی 600 سەرباز، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا نزم دەبێتەوە بۆ نزیکەی 1500 سەرباز. 
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، گرووپێک بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، دەستی بە هێرشکردنە سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد. 
 
کانوونی دووەمی 2024، سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کوژران. 
 
ئەسۆشیەتد پرێس باس لەوە دەکات، ئاماژە هەیە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، داعش "هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات". ئەمریکاش نایەوێت داعش بەهێز بێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی هەسەدە

راپۆرتێک: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵی گرنگی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەسەدە و تورکیادا گێڕا

نوێترین راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکانی تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا ئاڵنگاریی گەورەیان بۆ هەسەدە دروستکرد، بە جۆرێک هەسەدە ناچاربوو زیاتر سەرنج بخاتە سەر ئەو هێرشانە، کە ئەوە کاریگەری لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئەو کەمپ و زیندانانە هەبوو کە چەکدارانی داعش و کەسوکاریان تێیدا دەمێننەوە