سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا لەگەڵ ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە

20-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا رۆژی شەممە، پێشوازیی لە ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد. 
 
کۆری میڵز، نوێنەری فلۆریدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆمارییە، لە دیمەشق لەگەڵ شەرع کۆبووەوە. 
 
میڵز لەگەڵ کۆنگرێسمانێکی دیکە سەردانی سووریای کرد، ئەوە یەکەمین سەردانی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکابوو بۆ سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. 
 
میدیای فەرمیی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی شەرع  و میڵزدا بەشدار بووە. 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی نوێی سووریا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا لەسەر وڵاتەکەیان دەکەن، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەریدا سەپێنرابوون. 
 
لە دوای گەیشتنیان بە سووریا، میڵز و مارلین ستوتزمان سەردانی چەند ناوچەیەکی دیمەشقیان کرد، لەنێویاندا گەڕەکە دێرینەکان و کەنیشتەیەکی دێرینی جووەکان. 
 
رۆژی شەممە، ستوتزمان سەردانی زیندانی بەدناوی سەیدنایا لە نزیک دیمەشق کرد، ئەو زیندانەی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی 54 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەددا، دەیان هەزار کەس تێیدا لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستدا یان لە سێدارەدران. 
 
گرووپی ئیسلامیی دەستەی تەحریری شام سەرکردایەتیی ئەو هێرشەی کرد کە بوو هۆی ئەوەی لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەسەد دەسەڵات چۆڵ بکات و بەرەو مۆسکۆ هەڵبێت. 
 
چەند رۆژێک دوای ئەوە، ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، بڕیاریدا ئەو خەڵاتە 10 ملیۆن دۆلارییەی بۆ دەستگیرکردنی شەرع داینابوو، هەڵبوەشێنێتەوە. 
 
شەرع سەکردەی پێشووی لقێکی رێکخراوی قاعیدە بوو لە سووریا پێش ئەوەی خۆی لێ جیابکاتەوە. 
 
ئیدارەی ترەمپ تاوەکو ئێستا دانی بە حکومەتی نوێی سووریادا نەناوە و سزا ئابوورییە سەختەکانیشی لەسەر هەڵنەگرتوونەتەوە. 
 
دوای سەردانی سەیدنایا، ستوتزمان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوەی ئەو بینیویەتی، دەریدەخات کە خەڵکی سووریا ئێستا پڕ وزە و گەشبینن و "کارێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر ئەمریکا لە گۆڕانکارییەکانی ئێرە و لەوەش تێبگات، کە لابردنی سزاکان دەبێتە گەشانەوەیەکی ئابووریی گەورە."
 
کۆنگرێسمانەکە گوتی، هەر هەنگاوێکی ئەوان بۆ لابردنی سزاکان، "بە گوێرەی بڕیاری سەرۆک ترەمپ دەبێت."
 
ستوتزمان هەروەها رایگەیاند: "وەک ئەندامێکی کۆنگرێس، دەتوانم بگەڕێمەوە وڵاتەکەم و بۆ هاوکارەکانم، بۆ سەرۆک و بۆ ئەوانی دیکەش باسی بکەم و چیرۆکی ئەو گۆڕانکارییانەیان پێ بڵێم کە لە سووریا روودەدەن. ئێمە دەمانەوێت لێرە بین بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەوە بدەین. نامانەوێت سووریا بکەوێتەوە دەستی دیکتاتۆرێکی دیکە."
 
دوای رووخانی ئەسەد، ئەمریکا هەندێ کۆتوبەندی لەسەر سووریا هەڵگرت بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی بە شێوەیەکی فراوان بگاتە سووریا.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری دا بۆ ماوەی شەش مانگ رێگە بە هەندێ مامەڵەی دارایی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی سووریا بدات. 
 
واشنتن دەڵێت، لابردنی سزاکانی دیکە بەندە لەسەر ئەوەی تاوەکو چەند بەرپرسانی نوێی سووریا مافەکانی مرۆڤ دەپارێزن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە