رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی ناونەهێنراوی ئەمریکا رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا بڕیاریداوە لەماوەی چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا، هێزەکانی لە سووریا "رێکبخاتەوە"، هەنگاوەکە رەنگە ببێتەهۆی کەمکردنەوەی ژمارەیان بۆ نیوەی ئەوەی ئێستا هەن.
سوپای ئەمریکا ئێستا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە و لە چەند بنکەیەک جێگیرکراون، بەڵام زۆربەیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا [رۆژئاوای کوردستان]ـن.
هێزە ئەمریکییەکانی ئەوێ بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە خۆجێیەکان لەوانەش هەسەدە، رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن، کە لە ساڵی 2014 خاکێکی زۆری عێراق و سووریای کۆنترۆڵکرد و دواتر لە دەستی دەرهێنرایەوە.
یەکێک لەو سەرچاوانە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی گوتوە، "لەوانەیە ژمارەی سەربازەکان بکرێتە هەزار سەرباز".
بەرپرسێکی دیکەی ناونەهێنراو پلانی کەمکردنەوەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام گوتی: "هێشتا هیچ دڵنیاییەک لەسەر ژمارەی سەربازەکان نییە."
بەرپرسەکەی دووەم "گومان"ـی هەبوو لەوەی ژمارەکە بۆ نیوە کەمبکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکە دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا دەکات و هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە پتەوتر دەکات.
بەم دواییانە ئەمریکا، چەند فڕۆکەیەک لەوانەش B-2، کەشتیی جەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی ناردە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی 14-04-2025 ترەمپ گوتی، ئەو هەستدەکات ئێران "بە ئەنقەست" رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا دوادەخات، گوتیشی ئەوان دەبێت بیرۆکەی بۆمبی ئەتۆمی لە مێشکی خۆیان دەربهێنن، ئەگەرنا دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان "بۆردوومان" دەکرێن.
لەلایەکی دیکە، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا خەریکە پێداچوونەوەیەکی گشتی بە هێز و سەربازە ئەمریکییەکان لە هەموو جیهاندا دەکات.
حکومەتە نوێکەی سووریا کە لە مانگی 12ـی پار بەشار ئەسەدی رووخاند، هەوڵی ئەوەیداوە پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەش چاکبکاتەوە.
مانگی پێشوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە ئەمریکا پشتیوانییان لێدەکات، رێککەوتنێکیان لەگەڵ دیمەشق کرد و بڕیاریاندا هێزەکانیان تێکەڵی وەزارەتی بەرگریی بکات.
مانگی ئادار ئەمریکا لیستێک لە مەرجەکانی خۆی بە سووریا دا بۆ ئەوەی جێبەجێیان بکات و ئەوانیش لەبەرامبەردا بەشێک لە سزاکانی سەر سووریا لاببەن، بەڵام لەوکاتەوەی ترەمپ هاتووەتەوە کۆشکی سپی، کەمترین جار باسی سووریای کردووە و هێشتا هیچ مامەڵەیەکی راستەوخۆیان لەگەڵ دیمەشق نەکردووە.
بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، هۆکاری کەمیی پەیوەندی و مامەڵەکانی ئەمریکا لەگەڵ سووریا ئەوەیە، حکومەتی نوێی سووریا پێشتر سەر بە قاعیدە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ