زیاتر لە 3800 کوژراو؛ مین میراتی خوێناویی 14 ساڵ شەڕی سووریایە

20-04-2025
لهۆن نەسرەدین
کەسێک لە ئیدلب بەهۆی مینەوە کەمئەندام بووە
کەسێک لە ئیدلب بەهۆی مینەوە کەمئەندام بووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی رژێمی ئەسەد نەماوە و شەڕی ناوخۆیی سووریا کۆتایی هاتووە، بەڵام دەرهاوێشتە و پاشماوەکانی هێشتا بەردەوامن و قوربانی لێدەکەوێتەوە. مین یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو پاشماوانەی سەدان کەسی کردوون بە کەمئەندام و گیانی هەزارانیشی ستاندووە.
 
سلێمان خەلیل یەکێكە لەو 340 هاووڵاتییە سووریاییەی لەدوای ئەسەد بەهۆی مینەوە کەمئەندام بوون. ئەو دەڵێت، "وەک کرێکاری رۆژانە کار دەکەم. لە دوای ئازادبوونی ناوچەکە، من و هاوڕێکانم چووینە باخێكی زەیتوونەوە، تومەز مینڕێژکرابوو. دوو مینم پێدا تەقینەوە و قاچێکم لەدەستدا".
 
بەپێی ئامارەکان، لە چوار مانگی رابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا، لانیکەم 335 کەس مینیان پێ تەقیوەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.
 
سەلاح سوێد، برای محەممەد، یەکێک لە قوربانییەکی مین لە ئیدلب، باسی برینداربوونی براکەی دەکات و دەڵێت "کاتێک ئەو مینێكی پووچەڵ دەکردەوە لە ناوچەیەک بەناوی ترێشە، لەژێر مینەکەوە مینێكی دیکەیان دانابوو و پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا".
 
کەمیی خەرجیی دروستکردن و زۆریی کاریگەرییەکانیان، وای لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد، بەدرێژایی 14 ساڵی شەڕی ناوخۆییدا، مین وەک چەکی سەرەکی دژ بە یەکدی بەکاربهێنن.
 
هەرچەندە ژمارەیەکی پشتڕاستکراو نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت دەیان هەزار مین لە زۆربەی 14 پارێزگاکەی سووریا چێندرابن. بەپێی زانیارییەکان، ٪50ی مینەکان لە هەردوو پارێزگەی حەلەب و رەققەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی هەندێ لە ئاژانس و رێکخراوە ناوخۆییەکانی سووریا، لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی لە کۆتایی 2011وە، نزیکەی سێ هەزار و 800 کەس بە مین گیانیان لەدەستداوە؛ سەرووی 10 هەزاریش برینداربوون.
 
لەگەڵ زیادبوونی هەژاری و پەنابردنی زیاتری خەڵک بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، مەترسیی تەقینەوە و گیانلەدەستدانی زیاتری خەڵک، گەورەتر دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە