رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی هێزەکانی لە سووریا کەم دەکاتەوە.
گوتەبێژێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئەمریکا لە دوو بۆ سێ مانگی دیکەدا ژمارەی هێزەکانی لە سووریا بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەم دەکاتەوە."
سەرچاوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان دەستیانکردووە بە بارکردنی کەلوپەلەکانیان لە هەردوو بنکەی کۆنیکۆ و گرین ڤڵیج لە دێرەزوور و بڕیارە ئەو کەلوپەلانە بگوازرێنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندبوو، پێنتاگۆن پلانی هەیە نزیکەی 600 سەرباز لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە و بەو جۆرەش نزیکەی 1500 سەرباز لەو وڵاتە دەمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێنتاگۆن "بە گوێرەی پێداویستی و بارە لەناکاوەکان، ناوبەناو جێی هێزەکانی دەگۆڕێت، بۆیە مەرج نییە" هەنگاوێکی لەو جۆرە "شتێکی نائاسایی بێت."
هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە یارمەتی ئەو هێزە زۆرینە کوردییە دەدەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها بوونەتە هێزێکی دابڕێنەر بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان. سوپای ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریاش هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵی دا هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن بەرهەڵستی بڕیارەکەیان کرد، چونکە پێیان وابوو ئەوە "ناپاکیکردنە" لە هاوپەیمانە کوردەکانیان. لەسەر ئەوە و چەند نیگەرانییەکی دیکە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات، دەستی لە کارەکەی کشاندەوە.
بە کشاندنەوەی 600 سەرباز، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا نزم دەبێتەوە بۆ نزیکەی 1500 سەرباز.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، گرووپێک بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، دەستی بە هێرشکردنە سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد.
کانوونی دووەمی 2024، سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کوژران.
ئەسۆشیەتد پرێس باس لەوە دەکات، ئاماژە هەیە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، داعش "هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات". ئەمریکاش نایەوێت داعش بەهێز بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ