یەکەمین باری گەنم دوای رووخانی ئەسەد گەیشتە سووریا

20-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی سووریا دەڵێن، بارێکی گەنم گەیشتە بەندەری لازقیە لەسەر دەریای نێوەڕاست بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا بکەن کە گەنمەکەی ناردووە یان لێیان کڕیوە. ئەمە یەکەمین بارە گەنمە لەدوای رووخانی ئەسەدەوە بگاتە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دەروازە دەریایی و وشکانییەکانی سووریا بڵاویکردەوە، "یەکەمین کەشتی کە گەنمی بارکردووە، لە دوای رووخانی رژێمی پێشووەوە گەیشتە بەندەری لازقییە کە شەش هەزار و 600 تۆن گەنمی هەڵگرتبوو". 
 
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرانەکردووە کە گەنمەکەی بۆ ناردوون یان لێیان کڕیوە، بەڵام لەسەر کەشتییەکە نووسرابوو "پۆلا مارینا" کە بە گوێرەی ماڵپەڕی مارین ترافیک، کەشتییەکە رووسییە و سەرەتای ئەم مانگە لە بەندەری روستۆڤ ئۆن دۆنەوە بەڕێکەوتبوو. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازە دەریایی و وشکانییەکانی سووریا دەشڵێت، "گەیاندنی ئەو بارە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی پێویستی سەرەتایی و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک". ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەک باری دیکەی پێویستییەکان لە ماوەی داهاتوودا دەگەیێندرێن" و ئەمەش نیشانەی "هەنگاوێکی نوێیە لە بەهێزبوونەوەی ئابووریی" وڵاتەکە. 
 
ساڵی 2011 گرژییەکانی سووریا دەستیانپێکرد و دواتر بوونە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ. ساڵی 2010، سووریا 4.1 ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەمهێنا کە لە پێویستی خەڵک زیاتر بوو. لە دوای 2011وە، رژێمی ئەسەد پشتی بە هاوردەکردنی گەنمی رووسیا دەبەست. بە گوتەی بەرپرسێکی بەندەری لازقییە، مانگانە لانیکەم یەک باری گەنمیان لە رووسیاوە بۆ دەهات. 
 
بە گوێرەی پڕۆگرامی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر 10 سوورییەک یەکێکیان هەژارە و ئاسایشی خۆراکی نییە. هەروەها، پار سووریا تەنیا 65٪ی گەنمی پێویستی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی بەرهەمهێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە