رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "9ـی حوزەیران، لە رێگەی وشکانی و 12ـی حوزەیرانیش لە رێگەی ئاسمانەوە، حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو مەککە بەڕێدەکەون".
ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-05-2023) یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گەشتی حاجییانی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازن و لە یەک کاتدا نین، یەکەم گەشتی ئاسمانی حاجییانی هەرێمی کوردستان 12ـی حوزەیران و یەکەم گەشتی وشکانیش 9ـی حەزەیران دەستپێدەکات".
لە عێراق ئەمڕۆ (30ـی ئایاری 2023) یەکەم گەشتی ئاسمانیی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و رۆژی هەینیش دووی حوزەیران، یەکەم گەشتی حاجییان بە رێگەی وشکانی دەستپێدەکات.
لەبارەی ژمارەی ئەو حاجییانەی لە یەکەم گەشت بەرەو مەککە بەڕێدەکەون، نیاز نەقشبەندی گوتی "سێ رۆژ پێش گەشتی حاجییان، دەستەی حەج و عومرەی عێراق ژمارەکانمان بۆ دەنێرن، ئەوان پێمان دەڵێن کە لە یەکەم گەشتی ئاسمانی و وشکانی چەند حاجی بەرەو مەککە بەڕێدەکەون".
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە ماوەی پێنج رۆژدا سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەنە مەککە، "17ـی حوزەیران دوایین کاروانی حاجییان بۆ مەککە بەڕێدەکەوێت".
بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار دیاریکراوە.
رۆژی 7ـی ئایار، بەشێک لە حاجییانی سنووری گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم بانکی بازرگانیی تی بی ئای لە سلێمانی، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان کرد؛ بە دینار، تێچووی حەج بە بانکەکان بدەن و بۆ 100 دۆلار، 130 هەزار دینار بێت.
نیاز نەقشبەندی لەو بارەیەوە گوتی "لەگەڵ بەغدا قسەمان کردووە بۆ ئەوەی بۆ حاجییانی ئێمەش لە بەرامبەر 100 دۆلار 132 هەزار دینار هەژمار بکەن، بەڵام نەیانکردووە، بۆیە حاجییان بە نرخی بانک و بازاڕەکانی دراو، تێچووی حەجییان داوە".
ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 حاجیی هەرێمی کوردستان حەج دەکەن، کە 720ـیان بەڕێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بەرێگەی ئاسمانی سەردانی مەککە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ