داهاتی فۆڕمی حەج و عومرە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە

17-12-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن حەج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ زیاتر لە 56 هەزار هاونیشتمانی فۆڕمی داواکارییان بۆ حەج پڕکردەوە و بۆ هەر فۆڕمێک 25 هەزار دینار لە هاونیشتمانیان وەرگیرا؛ کۆی بڕی پارەکە دەگاتە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار، لەکۆی ئەو داواکارییانە هەزار و 670 کەس ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە.
 
دوێنێ (شەممە، 16-12-2023) تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، بەگوێرەی تیروپشکەکە، ئەوانەی ئەمساڵ ناویان بۆ حەج نووسیبوو 56 هەزار و 669 کەس بوون، ئەو کەسانە لە رێگەی فۆڕمەوە داواکارییەکەیان پێشکێش کردبوو و بۆ هەر فۆڕمێک 25 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە، ئەگەر فۆڕمەکە دوو کەسی بووبێت هاونیشتمانییەکە 50 هەزار دیناری داوە.
 
بەگوێرەی ژمارەی داواکارانی ئەمساڵ بۆ حەجی ساڵی داهاتوو، داهاتی پارەی فۆڕمەکە یەک ملیار و 416 ملیۆن و 725 هەزار دینار بووە.
 
لەبارەی ئەو ژمارە هاووڵاتییەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و پارەیان داوە و ناویان دەرنەچووە، کە 54 هەزار و 599 کەسن، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-12-2023) نزار جەمیل، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پارە بۆ ئەو کەسانە ناگەڕێتەوە کە فۆڕمی چوونە حەجیان پڕکردووەتەوە، ئەگەر ناویشیان نەهاتبێتەوە.
 
نزار جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، پشکی حاجییانی هەڵەبجە بۆ ئەمساڵ 134 کەسە، بەوانەی ئەمساڵ داواکارییان پێشكێش کردووە و ئەوانەشی لە ساڵی 2017 ناویان تۆمار کردووە.
 
لە تیروپشکەکەدا، 60%ـی بۆ ئەو کەسانە دانرابوو کە ساڵی 2017 ناویان تۆمار کردبوو، ژمارەی ئەو کەسانەش بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان 65 هەزار و 195 کەس بوون، لەو ساڵەدا بۆ هەر داواکارییەک 50 هەزار دینار وەرگیراوە، کە داهاتەکەی زیاتر بووە لە 3 ملیار دینار.
 
دوێنێ لەکاتی تیروپشکەکەدا شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵی 2017 لەبەردەستدا ماونەتەوە؛ ئەمساڵیش 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردووە، کە کۆی داواکارییەکە دەبێتە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، چوار هەزار و 174 کەس دەبێت.
 
بە گوێرەی تیروپشکەکە، ئەوانەی ساڵانی رابردوو ناویان تۆمار کردبوو دوو هەزار و 504 کەسیان بۆ حەجی 2024 ناویان دەرچوو؛ ئەوانەشی ئەمساڵ ناویان تۆمار کردبوو هەزار و 670 کەسیان ناویان دەرچوو.
 
بەگوتەی شێخ نیاز نەقشبەندی "ئەوانەی ئەمساڵ ناویان دەرنەچووە و ئەوانەشی بە یەدەگ ناویان دەرچووە، هیچیان ساڵی داهاتوو ناویان ناچێتە تیروپشکەوە. ساڵی داهاتوو سیستمی حەج بۆ ئۆنلاین دەگۆڕێت و هیچ ناوێکی کۆن نامێنێت."
 
ناونووسین بۆ حەجی ساڵی 2024، 15-10-2023 دەستیپێکرد و 26ـی هەمان مانگ کۆتایی هات.
 
لە حەجی ساڵی 2023ـدا، چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.
 
تێچووی حەجی ساڵی 2023 بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش هەزار و 800 دۆلار بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە