رووداو- هەولێر
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرسی سەرۆککۆمار باسکراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە دەکرێت لایەنە کوردستانییەکان بگەنە رێککەوتن.
کۆبوونەوەی عەلی باپیر و بافڵ تاڵەبانی
رۆژی پێنجشەممە 28-7-2022 شاندێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر، سەرۆکی ئەو حیزبە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو حیزبە کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، "لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و پرسی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بەناکۆکییەکان کرایەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەکهەڵوێستی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کردەوە، بەشێوەیەک کە هەردوولا هاوکار و هاوئاهەنگ بن لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک."
بەپێی نووسینگەی عەلی باپیر، لە کۆبوونەوهكهدا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەپێویستی زانیوە کێشەی سەرۆککۆمار و بەربژێربوون چارەسەر بکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری سەرۆکوەزیرانیان یەکلاکردەوە.
کۆبوونەوەی عەلی باپیر و شاخەوان عەبدوڵڵا
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی باپیر لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی ئێستای بەغدا و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوە و تیشکخراوەتە سەر پێکەوە کارکردنیش بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی باشووری کوردستان.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عهلی باپیر باسی لەوه کردووە کە "تەبایی و کۆدەنگیی بەغدا دەبێت لە هەرێمی کوردستانەوە زەمینەسازیی بۆ بکرێت و مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەبێ لای هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەپێشینەی کاریان بێت" و شاخەوان عەبدوڵڵاش گوتوویەتی: "ئێمە لێرە نوێنەرایەتیی کورد دەکەین وەک جێگری سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهران و خوازیارین کۆدەنگیی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان دروستبکرێت".
یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق
محەمەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لەبارەی سەردانی شاندی حیزبەکەی بۆ بەغدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی سێ رۆژە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری لە بەغدا ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان و وەزیری دەرەوە و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە؛ جگە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان، جەخت لە پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کرایەوە، چونکە ماوەی 9 مانگە عێراق لە گرفت و قەیراندایە."
محەممەد حەکیم گوتیشی: "گرنگە لە ئەجیندای کاری حکومەتی داهاتوودا چارەسەری گرفتەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت."
لەبارەی پرسی سەرۆککۆماریشەوە، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری باسی لەوە کرد: "لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەکرێت کورد بگەنە رێکەوتن و بە یەکدەنگی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن. لە ھەمانکاتدا بەشێکی کۆبوونەوەکان جەختکردنەوە بوو لەسەر گەیاندن و بەرچاورۆشنیی لایەنەکان لە گرفت و نەھامەتییەکانی هاونیشتمانییان، بەتایبەت پرسی بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانییان و گوتمان گرنگە ئەو بابەتە نەکرێتە بەشێک لە ململانێی سیاسییی لایەنەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ