هادی عامری: کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەرەو چارەسەر دەڕۆن

28-04-2024
هێمن بابان رەحیم
هادی عامری قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات
هادی عامری قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی دەڵێت، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی بە بەردەوامی لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری بکات؛ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا بە گرنگ بۆ "بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی" ناودەبات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-4-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی کۆبووەوە. 
 
هادی عامری لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد و گوتی، ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا "زۆر گرنگ" بوو. 
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی باسی لە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرد کە ئامانج لێیان "بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەن و ئەوانیش رۆژ دوای رۆژ بەرەو چارەسەر دەڕۆن."
 
هادی عامری لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش قسەی کرد و گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە کەی هەڵبژاردن دەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی بیر لەوە دەکاتەوە رۆژێک دیاری بکات لای هەمووان پەسند بێت. 
 
رۆژی شەممە 27-4-2024 نێچیرڤان بارزانی چووە بەغدا و هەمان رۆژ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار بوو. 
 
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک دیداری هەبووە، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رۆژنامەڤانان لەگەڵ هادی عامری: 
 
 پرسیار: لە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی چیتان کرد؟
 
هادی عامری: بەناوی خودای گەورە، سوپاسگوزاری بۆ خودای هەمووان؛ بێگومان سوپاس و پێزانین بۆ نێچیرڤانی برا بۆ ئەم سەردانەی. بڕیاردرابوو نێچیرڤانی برا ئامادەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بێت. پێم وایە ئەمە زۆر گرنگە؛ دوو هەفتە لەمەوپێش کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوو و ئامادەی بوو؛ دوێنێش کۆبوونەوە هەبوو و ئامادەی بوو کە تێیدا باسی هەموو کێشە سەرەکی و گرنگەکانی وڵات دەکرێت، راستە کۆبوونەوەکەی ئەم دواییە تایبەتکرابوو بە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێز ئەردۆغان بۆ بەغدا. سازان لەگەڵ نێچیرڤانی برا کرا کە بە بەردەوامی ئامادەی کۆبوونەوەکان بێت؛ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کرد لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەن و سوپاس بۆ خودا ئەو کێشانەش رۆژ دوای رۆژ بەرەو چارەسەری دەڕۆن.
 
پرسیار: لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چی دەڵێی؟
 
هادی عامری: هەڵبژاردن بابەتێکە. بڕیاری ئەوەی کەی هەڵبژاردن دەکرێت، ئەوە لە دەستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. ئەو ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بگاتە رۆژێک لای هەمووان رێککەوتنی لەسەر بێت.
 
پرسیار: ئەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؟
 
هادی عامری: بەبانکیکردن کۆتاییهات و ئەوەش بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵییە، بەڵام چۆنێتی بەبانکیکردن، پشتیوان بەخودا چارەسەر دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بەکردەیی ئەو مووچەیە بگاتە دەستی فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، وەک چۆن دەگاتە دەستی فەرمانبەران لەهەر فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانی دەوڵەت.
 
پرسیار: چۆن باسی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کرا؟
 
هادی عامری: سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران شایستەی پێکهاتەی سوننەیە و رێز لە بڕیاریان دەگرین. ئومێد دەکەین برایانمان لە پێکهاتەی سوننە بگەن بە سازان بۆ ئەوەی ئەو بابەتە بەزووترین کات یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بوونی سەرۆکی پەرلەمان لەم کاتە هەستیارەدا زۆر پێویستە و پێویستمان بە سەرۆکێکی پەرلەمانە بتوانێت کارەکانی پەرلەمان وەکو پێویست بەجێبگەیەنێت.
 
پرسیار: باسی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆرتان کرد؟
 
هادی عامری: باسی ئەو بابەتەمان نەکرد؛ دوێنێ باسمان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە