رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەو رۆژەی ئەنجوومەنی وەزیران دیاری دەکات. راشیگەیاند، بۆ گەرەنتیکردنى بەشدارى ئەوانەى پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، پشت بە وێنەى چاو دەبەسترێت.
ئەمڕۆ هەینى چواری نیسانى 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەرووى دەستووری و یاساییەوە پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا و بەردەوامین لە رێوشوێنەکان بۆ هەڵبژاردن بۆ ئەو وادەیەى کە ئەنجوومەنى وەزیران دیاری دەکات".
بەگوێرەى یاسا نابێت هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لە 25ـی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ تێپەڕبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "ئێستا کار لەسەر ئامادەکردنى ئامێرەکانى دەنگدان و چاککردنەوەیان دەکەین."
سەبارەت بە کێشەی ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە، جومانە غەلای گوتی: "لە کاتی دەنگداندا وێنەی چاویان دەگیرێت."
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، لە هەر وێستگەیەک تەنیا 5%ـی دەنگدەرانى رێگەیان پێدەدرێت بەبێ خوێندنەوەى پەنجەمۆر دەنگ بدەن، لەکاتێکدا لە تۆمارى بایۆمەترى دەنگداندا وێنەى چاویان لەگەڵ پەنجەمۆر وەردەگیرێت.
بەگوێرەى ئامارێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتیی مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام 17.6 ملیۆنیان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و نزیکەى یەک ملیۆنیان کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
جومانە غەلای گوتى: "ژمارەى لەدایکبووانى ساڵى 2007 کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ