لە ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیەکی عێراق باوەشێنی نەخۆش دەکرێت

04-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
هۆکاری باوەشێنکردن لە نەخۆشەکە، لەکارکەوتنی سیستمی فێنککەرەوە بووە.
هۆکاری باوەشێنکردن لە نەخۆشەکە، لەکارکەوتنی سیستمی فێنککەرەوە بووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لە کارکەوتنى ئامێرى فێنککەوەرى نەخۆشخانەیەک لە زیقار، کارمەندانى تەندروستى ناچار دەکات لە ژوورى نەشتەرگەرى باوەشێن لە خۆیان و نەخۆشەکە بکەن.  ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکەش لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ گۆڕینى گرێبەستى خزمەتگوزارییەکانى نەخۆشخانەکە.
 
ئەو رووداوە لەدووی نیسانى 2025 لە نەخۆشانەى ناسڕیە روویداوە، کە تەنیا نەخۆشخانەى حکومییە لەشارەکە و بە نەخۆشخانەى تورکى ناسراوە، بەڵام دیمەنى باوەشێنکردن لەنێو نەخۆشخانەکە سێی نیسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.  
 
ئەمڕۆ هەینى چواری نیسانى 2025، ئەحمەد ئیبراهیمى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو ئەنجوومەنە کۆبوونەوەیەکى لەناکاوى لەبارەى ئەو کێشەیە کردووە و لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستى خزمەتگوزارى نەخۆشخانەکە، کە هۆکارى ئەو کێشەیە بووە."
 
ئەو نەخۆشخانەیە لەلایەن کۆمپانیایەکى تورکییەوە دروستکراوە و لە مانگى کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە خزمەتگوزارییەکانى دراوەتە کۆمپانیایەکى قەتەرى. 
 
ئەحمەد ئیراهیمى، گوتى: "کێشە لە گرێبەستەکەدا هەیە کە دەڵێت ئەو کۆمپانیایەى کارە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرێت چاکسازى بۆ ئامێرەکان دەکات نەک چاککردنەوە، لە چوار یەکەى فێنککەرەوەى ناوەندیى نەخۆشخانەکە، دووانیان پێش کارکردنى کۆمپانیا قەتەرییەکە لەکارکەوتوون و ئەویش دەڵێت، بەگوێرەی گرێبەستەکە ئامێرى شکاو چاک ناکەمەوە."
 
گرێبەستەکە بۆ خواردنى نەخۆش، کارمەند، بەڕێوەبردن، سیکوریتی، چاکسازى و پاککردنەوەى ئامێرەکانى نەخۆشخانەکەیە. 
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار گوتى: "نەخۆشخانەکە زیاتر لە 150 ملیار دینارى تێچووە، بەڵام بەگوێرەى گرێبەستى خزمەتگوزارى لەگەڵ کۆمپانیا قەتەرییەکە، کە بۆ دوو ساڵە، دەبێت زیاتر 123 ملیار دینارى پێ بدرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە