سوودانی: بەدواداچوون بۆ پرسی پێدانی وڵاتینامە بە هاووڵاتییانی فەیلی دەکەین

02-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی رۆژی شەهیدی فەیلیی عێراقی، پێشوازی لە ژمارەیەک کەسوکاری شەهیدانی کوردی فەیلی کرد و باسی لە کۆمەڵێک کار و بەدواداچوونی کابینەی حکومەتەکەی بۆ کوردی فەیلی کرد.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دانیشتنەکەدا باسی لە هەڵمەتەکانی راگواستنی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردنی گەنجانی کوردی فەیلی کردووە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا، "کە هەزاران کەسیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەخاک سپێردران، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی دڕندانە وەکو تاقیکردنەوە لە تاقیگەكانی چەکی بایۆلۆجیدا بەکارهێندران."
 
سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە، فەیلییەکان قوربانییان داوە و بەشدارییان لە بنیادنانی دەوڵەتی عێراقدا کردووە، "پێویستە ئەو تاوان و ستەم و پێشێلکارییەی بەرامبەریان کراوە، لە هزری نەوەکاندا بمێننەوە، تاوەکو لەژێر هیچ ناوێکی دیکەدا دووبارە نەبنەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سوودانی بە فەیلییەکانی راگەیاندووە، حکومەت قوربانییەکانی گەلی عێراقی لەبیر نەکردووە و رێنوێنیی داوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی یاسا دادپەروەرەکان بۆ قوربانییان، گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکان و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان.
 
سوودانی هەروەها رایگەیاندووە، لەڕێگەی دانانی راوێژکارێک بۆ کاروباری کوردانی فەیلی، رێکاریان گرتەبەر بۆ پەسندکردنی 2ی نیسان، کە ببێتە رۆژێکی فەرمی بۆ شەهیدانی فەیلی، هەر بەم بۆنەیەوە پارچە زەوییەکیان بۆ گۆڕستانی شەهیدانی فەیلی تەرخانکرد، بۆ یادکردنەوەیان.
 
زۆربەی کوردانی فەیلی لە سەردەمی رژێمی سەدام ناسنامەی عێراقییان لێ سەندرایەوە و بۆ ئێران راگوێزران. سوودانی لەبارەی پرسی پێدانەوەی ناسنامە بە فەیلییەکان گوتی، "رێنوێنیمان داوە بە دیاریکردنی هاوئاهەنگکارێک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ بەدواداچوون بۆ پرسەکانی دەرکردنی وڵاتینامە و راستکردنەوەی مامەڵەکان."
 
جگە لە پرسی ناسنامە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک، بۆ دیاریکردنی پێوەری دابەشکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکان لە کۆمەڵگەی زەرباتییە، بەسەر ئەوانەی شایستەن لە کوردانی فەیلی.
 
هیچ ئامارێکی فەرمیی بۆ دیاری کردنی ژمارەی کوردانی فەیلی لە عێراقدا نییە. رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە رێگەى ماڵپەڕى ئوور، دەستیان کردووە بە وەرگرتنى داواکاریى کوردانى فەیلی بۆ ئەوەى تۆمار بکرێن و بزانرێت ژمارەیان چەندە."
 
تاوەکو ئێستا زۆرینەى کوردانى فەیلی لە وەزارەتى ناخۆى عێراق دۆسیەکانیان لە خانەى بیانییەکانە، بەهۆى ئەوەى کە بەڵگەنامەى عێراقییان بۆ دەرنەهێنراوە، زیاتر لە ساڵێکە لە رێگەى لیژنەیەکەوە دەستکراوە بە گواستنەوەى دۆسیەکانیان بۆ خانەى عێراقى.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە