رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق داوایکرد کۆبوونەوەیەکى "بەپەلە" لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکرێت. راشیگەیاند، هەنگاوی جیدییان ناوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.
ئەمڕۆ هەینى 5ـی نیسانى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق وەڵامى راگەیێندراوێکى کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان-ئەپیکورى دایەوە لە بارەى بەربەستەکانى بەردەم هەناردەکرنەوەى نەوت و بە "چەواشەکار و بەهەڵەداچوون" ناوى برد.
ئەو وەزارەتە ئاماژەى بەوەداوە، کاریان لەسەر ئەوە کردووە گەرەنتى جێبەجێکردنێکى دروستى هەموارى یاسای بودجە بکەن بۆ ئەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریی نەوتەوە بۆ تورکیا لە نزیککترین کاتدا دەستپێبکاتەوە.
رۆژی هەینی 28-03-2025 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، بۆیان روونبووەتەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق"ئامادە نییە" گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات. دەشڵێت، "هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق قبووڵکراو نین."
لە وەڵامدا وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، حکومەتى فیدراڵى هەنگاوى جیدى ناوە بۆ پیشاندانى نیازپاکى لە دانوستاندنەکان و گەرەنتیکردنی هەناردەکردنەوەى نەوت بەشێوەیەکى خێرا و بەرپرسانە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئاڵنگارى سەرەکى لەو دانوستاندنانە ئەوەیە کە هەر جارێک پێشکەوتن بەدی دێت لەسەر رێککەوتنێکى دیاریکراو، هەنگاوى نەرێنى دەدرێت، بەڵام ئەو هەنگاوە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى نییە." وەزارەتەکە دەشڵێت: "داواکارى ناواقیعی و دەرەوەى چوارچێوە یاساییەکان، گەیشتن بە رێککەوتنى یەکجاریی پەکدەخات و ئەو داواکارییانە خزمەت بە دانوستاندنە بونیاتنەرەکان ناکەن کە لەسەربنەماى نیازپاکین."
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، بۆئەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە کە لەساڵى 2023ـەوە وەستاوە.
وەزارەتى نەوت دەڵێت، "گەیشتن بە رێککەوتن لە زووترین کاتدا پرسێکى زۆر گرنگە بۆ راگرتنى فرۆشتنى نایاسایی نەوت و پاراستنى سامانەکانى گەلى عێراق". دەشڵێت: "حکومەت پابەندە بە پاراستنى بەرژوەندیى سەرجەم لایەنەکان بە بەرژەوەندى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى نەوتیشەوە بەگوێرەى یاسا بەرکارەکان و ئەو رێککەوتنانەى واژۆ کراون".
بەگوێرەى هەموارەکە بۆ بە بەرهەمهێنان، گواستنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان، 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، بەڵام کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوت لە بارەى قەرزى پێشوو، هەروەها گەرەنتى خەرجکردنى ئەو شایستە داراییانە، رێکنەکەوتوون.
وەزارەتى نەوت داواى کرد کۆبوونەوەیەکى "بەپەلە" بکرێت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان و دیالۆگ، بەو مەرجەى لەگەڵ یاسای هەموارکراوى بودجە یەکبگرێتەوە و بگەنە میکانیزمێکى کار کە مافى عێراق و پابەندییەکانى بەرامبەر بە وەبەرهێنەران بپارێزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ