رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە چەند گۆڕانکارییەکی ئەمنی و رێکخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکانی بەغدا دەکەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "لە سۆشیال میدیادا باس لەوە دەکرێت، فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان رێنماییەکی دەرکردووە لەبارەی کشانەوەی یەکەکانی شەڕ لە بەغدای پایتەخت و رێکخستنەوەی هەیکەلی بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکان و گواستنەوەیان بۆ جومگە ئەمنییەکانی دیکە، لەگەڵ گواستنەوەی یەکەیەک لە پۆلیسی فیدراڵی لەبری یەکەیک لە سوپای عێراق. ئەو هەواڵانە ناڕاست و بێ بنەمان."
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی داوا لە دەزگا راگەیاندنەکان دەکات، "وردبن لە گەیاندنی زانیاری و خۆیان دوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە کاری هێزە ئەمنییەکان."
بە گوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، "دامەزراوە ئەمنییەکان مافی خۆیانە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرنەبەر کە ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەکەنەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو لە بەشێکی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق باس لە فەرمانێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکرا، بۆ ئاڵوگۆڕی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا و رێکخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکاندا باس لەوە دەکرا، چەند فیرقەیەکی پۆلیسی فیدراڵیش لە خاڵە سەربازییەکانی دەرەوەی پارێزگاکە شوێنی سوپا دەگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ