رووداو دیجیتاڵ
نوورى مالیکى و قەیس خەزعەلی داوایان کرد گەرەنتى هەڵبژاردنێکى بێگەرد بکرێت و کەشێک برەخسێنرێت بۆ بەشدارییەکى فراوان لەو هەڵبژاردنە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ى نیسان نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دوڵەتى یاسا و قەیس خەزعەلى، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلى حەق کۆبوونەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق تاوتوێکرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانى قەیس خەزعەلى، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگى گەرەنتیکرنى بێگەردى و شەفافیەتى پرۆسەى هەڵبژاردن کردووەتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانى عێراق کۆتایی ئەمساڵ بکرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا رۆژەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام بەگوێرەى یاسا نابێت لە 25ى تشرینى دووەمى 2025 تێپەڕبێت.
مالیکى و خەزعەلى رایانگەیاندووە، پێویستە کەشێکى گونجاو برەخسێنرێت بۆ بەشدارییەکى فراوان لەو هەڵبژاردنە، کە ئاوێنەى ئیرادەی گەل بێت و پاڵپشت بێت بۆ رێچکەى دیموکراسی لە عێراق.
بەگوێرەى ئامارێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتى مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام 17.6 ملیۆنیان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و نزیکەى یەک ملیۆنیان کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
دوایین هەڵبژاردن لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە عێراق کرا کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوو، رێژەى بەشداریی 41% بوو، لەکاتێکدا هەڵبژاردنى پێشووتر لە 10 تشرینى یەکەمى 2021 کرا و رێژەى بەشدارى دەنگدەران 44% بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ