رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی رەوتی سەدر لە شاری بەغدا رەشپۆشن، لەدژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بەسەر ئاڵای هاوڕگەزخوازندا دەڕۆن و بە زنجیر لەخۆیان دەدەن و سەرکۆنەی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
ئیبراهیم جابری، بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەغدا دەڵێ "داوا لە حکومەتەکانی سوێد و دانیمارک دەکەین، دەست لەو رەفتارانە هەڵبگرن. لە عێراق تابلۆیەکی رەنگاوڕەنگی گەورە لە کریستیان، سابیئە، ئێزدی و موسڵمان هەیە؛ پێویستمان بە یەکخستنی هەوڵەکانە. ئەوەی سوێد و دانیمارک دەیکەن هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوڕێکی و هاوسۆزییە مرۆییەیە."
لە بەرامبەر بێڕێزییەکان بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، حکومەتی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە وڵاتەکەی دەرکردووە و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە.
سێ جاریش لە دانیمارک بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کراوە؛ لەبەرامبەر کاردانەوەی بەشێک لە عێراقییەکانیش، نێردەی دیپلۆماسیی دانیمارک بەغدای بەجێهێشتووە.
حاکم زاملی، سەرکردەی رەوتی سەدر دەڵێ "پێویستە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و گەلانی عەرەبی و ئیسلامی هەڵوێستێکی تووندیان هەبێت. ئەم قورئانە تەنیا عێراقی نییە، ئەم قورئانە تەنیا سەدری نییە؛ ئێستا هەر تەنیا سەدری و عێراقییەکان هەڵوێستیان هەیە".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرکۆنەی دووبارە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک و سوێد دەکات و، دەڵێت "ئەم کارانە رێگە بە ڤایرۆسی تووندئاژۆیی و رق و کینە دەدەن کە هەڕەشەیەکی راستەقینە بخەنە بەردەم پێکەوەژیانی کۆمەڵگەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ