رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان دەڵێت، راسپاردەکانی لیژنەکەیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و دوای ئەوەی رێنوێنییەکانیان بەدەست گەیشتن، دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.
زیاد تەمیمی، بریکاری وەزارەتی دادی عێراق کە سەرۆکایەتیی لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەکات، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راسپاردەکانی خۆمان وەک لیژنەی سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێکردنی یاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆئەوەی بە زووترین کات رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات."
بە گوتەی زیاد تەمیمی، دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە.
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەرکردنی یاساکە لە پەرلەمانەوە تێپەڕیوە. بریکاری وەزارەتی دادی عێراق گوتی، "پشتیوان بەخودا لە شەش مانگدا رێنماییەکانمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەگەڕێنەوە و بەدڵنیاییەوە یاساکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت."
ئەو لیژنەیەی کە بریکاری وەزارەتی داد سەرۆکایەتی دەکات هەریەکە لە دیوانی چاودێری دارایی، ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵی تێیدا ئەندامن.
یاساکە پەیوەندی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکەوە هەیە.
یاساکە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی زەویوزاری ئەو کەسانەی کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) لێیان داگیر کرابوو.
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:
- بڕیاری ژمارە 369ـی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
- بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەویین.
- بڕیاری ژمارە 949ـی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ