راپۆرتی بەختەوەریی جیهان: عێراق 9 پلە پاشەکشەی کردووە

29-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق لە رووی بەختەوەری و دڵخۆشییەوە پاشەکشەی کردووە و لە ریزی دواوەی وڵاتانی جیهانەوەیە. وڵاتانی باکووری ئەورووپا لە یەکەمەکان و ئەوانەشی شەڕ و ململانێیان تێدایە لە هەرە لەپاشەکانن. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی بەختەوەریی جیهان، لەسەر ئاستی 147 وڵات، عێراق لە رووی دڵخۆشییەوە لە پلەی 101ـەمدا دێت. 
 
راپۆرتە ساڵانەییەکە لە لایەن نێوەندی خۆشگوزەرانیی زانکۆی ئۆکسفۆرد بە هاوبەشی لەگەڵ گالۆپ و تۆڕی گەشەپێدانی بەردەوامی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکراوە. 
 
بەراورد بە پار، لە رووی بەختەوەرییەوە، عێراق 9 پلە پاشەکشەی کردووە، واتە لە پلەی 92ـەمەوە شۆڕبووەتەوە بۆ پلەی 101ـەم. 
 
بۆ دیاریکردنی ئاستی بەختەوەریی وڵاتان، پشتی بە ژمارەیەک بنەما بەستووە، لەوانە: تەندروستی، داهات و دۆخی دارایی، ئازادی، بەخشندەیی و نەبوونی گەندەڵی. 
 
لە راپۆرتەکەی ئەمساڵدا، بۆ یەکەمین جار ئاماژە بە پەیوەندیی بەهێزی بە ختەوەری بە دوو شتەوە کراوە: بەخشندەیی و گەڕاندنەوەی پارەدان (جزدان)ـی ونبوو.
 
ریزبەندیی عێراق لەم رووانەوە بەم جۆرەیە (لەسەر ئاستی 147 وڵات):
 
بەخشین و خێرکردن: 77
خۆبەخشی: 110 
یارمەتیدانی کەسانی بیانی: 17
یارمەتیدانی دراوسێ: 29
گەڕاندنەوەی پارەدانک لە لایەن کەسی بیانییەوە: 30 
گەڕاندنەوەی پارەدانک لە لایەن پۆلیسەوە: 116
 
بەختەوەرترین وڵات
 
فینلاند بۆ هەشتەم ساڵ لەسەر یەک، پلەی یەکەمی گرتووە، پسپۆڕان دەڵێن، سرووشتی جوانی وڵاتەکە و خۆشگوزەرانی هۆکاری سەرەکین.
 
سێ وڵاتی دیکەی باکووری ئەورووپا بەدوایدا دێن. 
10 بەختەوەرترینەکان بەم شێوەیەن: 
 
1- فینلاند 
2- دانیمارک
3- ئایسلاند
4- سوێد
5- هۆڵەندا
6- کۆستەریکا
7- نەرویج
8- ئیسرائیل 
9- لۆکسمبۆرگ 
10-  مەکسیک
 
ئەو وڵاتانەشی کە دانیشتووانیان دڵخۆش نین، زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقان کە گیرۆدەی جەنگ، گەندەڵی و هەژارین. 
 
10 خراپترین وڵات لە رووی بەختەوەرییەوە ئەمانەن:
 
1- ئەفغانستان
2- سیێرا لیۆن 
3- لوبنان 
4- مالاوی
5- زیمبابۆی
6- بۆتسوانا
7- کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ 
8- یەمەن 
9- کۆمۆرۆس 
10- لیسۆتۆ 
 
دراوسێکانی عێراق
 
بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، عێراق لە سووریا و ئوردن بەختەوەرترە. 
 
سووریا لە ریزی کۆتاییش نییە؛ راپۆرتەکە دەڵێت، بەهۆی دۆخی ئەمنی، نەیانتوانیوە راپرسی تێدا بکەن، ئەفغانستانیش بە هەمان شێوەیە. 
 
بە گشتی لە رووی بەختەوەرییەوە، ئێران دوو پلە لە پێش عێراقەوەیە و لە پلەی 99یەم دێت. 
 
هەروەها لە رووی بەخشندەیی و خێرکردنەوە، لە پلەی 18یەمدا دێت. بەڵام لە رووی خۆبەخشییەوە لە دواوەیە و پلەی 117ی گرتووە. 
 
لە یارمەتیدانی خەڵکی بیانی لە پلەی 29یەم و لە یارمەتیدانی دراوسێدا 28ـەمینە. 
هەروەها لە رووی گەڕاندنەوەی پارەدانکی ونبوو لە لایەن کەسانی بیانییەوە بۆ خاوەنەکانیان، ئێران لە دوای نەرویج لە پلەی دووەمدا دێت. 
 
تورکیا لە رووی بەختەوەرییەوە پلەی 94ـەمی هەیە. 
 
بەڵام لە رووەکانی دیکە لە هەموو رووێکی دیکەوە لە دوای عێراق و ئێرانەوەیە، بەم شێوەیە:
 
بەخشین و خێرکردن: 112
خۆبەخشی: 132
یارمەتیدانی خەڵکی بیانی: 115
یارمەتیدانی دراوسێ: 55
گەڕاندنەوەی پارەدانکی ونبوو لە لایەن کەسانی بیانییەوە: 77
 
سعودیە 32، کوێت 30 و ئوردن لە پلەی 128ـدا دێن.
 
 
دۆزینەوەکانی دیکەی راپۆرتەکە:
 
- لە ئەمریکا و چەند بەشێکی ئەورووپا، ناکۆکی سیاسی و دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر ئاراستە دژبەیەکەکان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەختەوەری. 
- بەشکردنی خۆراک و خێرکردن لە سەرانسەری جیهان پەیوەندیی بە زیادبوونی خۆشگوزەرانی و بەختەوەرییەوە هەیە. 
- قەبارەی خێزان پەیوەندیی راستەوخۆی بە بەختەوەرییەوە هەیە؛ ئەو خێزانانەی لە مەکسیک و ئەورووپا لە چوار، پێنج ئەندام پێکدێن، بەختەوەرترینن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە شەقامێکی بەغدا کە بەرزیی پلەی گەرما نیشان دەدات. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق پلەی گەرما دەگاتە 40 پلەی سیلیزی

کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان نمەباران و لە رۆژئاوای عێراق خۆڵبارینە و لە ژمارەیەک پارێزگای عێراقیش پلەی گەرما دەگاتە 40 پلەی سیلیزی