چەند هۆزێکی شیعە بۆ پشتیوانی لە موقتەدا سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد

29-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتوو لەلایەن موقتەدا سەدر، چەند گەورە هۆزێکی شیعەی خوارووی عێراق، پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکەی سەدر دەربڕی و بڕیاریاندا بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەکەن. 
 
رۆژی 27ـی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، وەڵامی پرسیاری یەکێک لە ئەندامانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوەتەوە و رایگەیاندووە، "بۆ ئاگاداری هەمووان، تا گەندەڵی و گەندەڵکاران بەردەوامبن، بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنێک ناکەم کە هیچ کات لە خەمی بەرژەوەندی گشتیی نەبێت، تەنیا لە بەرژەوەندی تایفەگەری و حیزبی بێت و بێباک بن لە ئازار و نەهامەتیی گەل". 
 
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو کارەساتانەی بەسەر عێراق دێن هۆکارەکەی بۆ هەڵقورتاندن و تێوەگلاندنی عێراق و گەلەکەیەتی لەلایەن گەندەڵکارانەوە لە کوشتارگەیەک کە دوور و نزیک بەرژەوەندی عێراقی تێدانییە." 
 
لە وەڵامی پەیامەکەی سەدر دا، رەزا ئالی کانوون تەمیمی، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆزەکانی بەنی تەمیم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە وەکو شێخ و نەوەکانی بەنی تەمیم، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو دۆخە پڕ لە گەندەڵییە و باڵادەستی گەندەڵەکان دەکەین لە وڵاتە ئازیزەکەماندا، هەر بۆیە پشتیوانی خۆمان بۆ هەڵوێستەکەی بەڕێز و سەرکردە موقتەدا سەدر رادەگەیێنین، بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردن و بەشداری نەکردن لە دەوڵەتێک کە دەستی داعشی گەندەڵ و تیرۆریست بەڕێوەی دەبات و سامانی میللەتیان تاڵان کردووە و خەڵکەکەیان هەژارکردووە."
 
هاوکات مەیسەم کازم، سەرۆکی هۆزەکانی بەهادەل، بە راگەیێندراوێک ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی موقتەدا سەدر دەربڕیوە و باس لەوە دەکات، "پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بڕیارەکەی جەنابی سەید موقتەدا سەدر دەردەبڕین بۆ نوێکردنەوەی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو. وڵاتەکەمان پێویستی بە کۆمەڵێک باوەڕدار هەیە کە دڵسۆز بن بۆ ئایین، گەل و وڵاتەکەیان، لایەنگری ستەملێکراو و نەیاری ستەمکار بن."
 
هەریەکە لە هۆزەکانی زوهەیبات، ئیمارە بەنی حەسەن، بەنی مەنسوور و بەنی لام بەهەمان شێوە بایکۆتی هەڵبژاردنیان راگەیاندووە.
 
بڕیارە پێش رێککەوتی 25ـی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە