رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق نۆژەنکردنەوەی توونێلێکی لە گۆڕەپانی نسووری بەغدا راگەیاند و دەڵێت، قەرەباڵخی هاتووچۆی ئەو ناوچەیە ناهێڵێت.
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئادار، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "پڕۆژەکە بەشێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو و جوان کراوە، کە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی هاتووچۆ لەم ناوچەیەدا."
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "توونێلی ژمارە یەک و دوومان پێشتر نۆژەنکردووەتەوە و ئەمە توونێلی ژمارە سێیە، توونێلەکانی ژمارە چوار و پێنجیش ماون کە پێش نێوەڕاستی ئەم ساڵ کاری نۆژەنکردنەوەیان تەواو دەکرێت."
بە گوتەی نەبیل سەفار، توونێلەکانی ژمارە چوار و پێنج نۆژەنکردنەوە نییە و دروست دەکرێن، کە ئەوەش یەکەم پڕۆژەی لەو شێوەیەیە لە بەغدا.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە قەرەباڵخی هاتووچۆ، لە نێوان شەقامی زەیتوون و گۆڕەپانی نسوور بە تەواوی کەم دەبێتەوە."
گۆڕەپانی نسوور، چوارڕیانێکی هاتووچۆیە کە دەکەوێتە ناوچەی کەرخی بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ