رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەرکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان تێدەپەڕێت. نەبوونی رێنمایی بۆ شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە بووەتە بەربەست لە بەردەم گەڕاندنەوەی زەوییەکان.
یاساکە پەیوەندی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکەوە هەیە. یاساکە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) لێیان داگیر کرابوو.
وەزارەتی داد دەرکردنی رێنماییەکان دەخاتە ئەستۆی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەمیندارێتییەکەش بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە دەخاتەڕوو.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش رایدەگەیێنێت: "دەرکردنی رێنماییەکان لە ئەستۆی لیژنەیەکی هاوبەشە کە بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری داد پێکهێندراوە، بەڵام هیچ ویستێک بۆ چارەسەری کێشەکە نییە."
وەزارەتی داد چاوەڕێی رێنمایی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئەمیندارێتییش بێ ئاگایە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی دەرکردنی رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکانین بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێنماییەکانمان بەدەست نەگەیشتوون."
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، پێویستە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران رێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات.
بەڵام حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "دەرکردنی ئەو رێنماییانە لە ئەستۆی ئێمەدا نییە و پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکان رێنماییەکان دەربکات."
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان: داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران کراوە رێنماییەکان دەربکات
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "لە کۆی 12 بڕیاری هەڵوەشاوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، هەشتیان پەیوەندیدارن بە زەوییەکانی سنووری کەرکووکەوە و دەرکردنی بڕیارەکە ئاسانکاری زۆر دەکات و پێویستی بە پەلەکردن نییە."
دارا سێکانیانی گوتیشی: "داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە بەزوویی رێنماییەکان دەربکات، بەڵام کاتی پێویستە، چونکە بۆ دەرکردنی رێنماییەکان دەبێت بگەڕێنەوە سەرجەم وەزارەتەکان تاوەکو رێنماییەکان هیچ کەموکوڕییەکیان نەبێت، چونکە بەشێکی ئەو زەوییانە رەنگە کرابن بە ناوی وەزارەتێک یانیش پڕۆژەی حکومییان لەسەر دروست کرابێت."
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی کەرکووک: ویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان نییە
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی زیاد تەمیمی، بریکاری وەزیری داد پێکهێندراوە کە هەریەکە لە دیوانی چاودێری دارایی، ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵی ئەندامن تێیدا. پێویستە لە شەش مانگدا رێنماییەکان بۆ چۆنییەتی گەڕاندنەوەی زەوییەکان دەربکەن."
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی: "دەگوترا لە دوو مانگدا پرسی گەڕاندنەوەی زەوییەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام وانییە و کێشەکە لەوە قووڵترە. ئەگەر ویست هەبێت، کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام بەڕای من هیچ ویستێکی لەو جۆرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕاندنەوەی زەوییەکان نییە."
لە کۆبوونەوەی 24-01-2012دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 29ی دەرکرد کە بریتییە لە:
- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە سڕینەوەی مافی مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.
- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن.
عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت، دەرنەچوونی رێنمایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29، نەبووەتە هۆکاری ئەوەی پڕۆسەی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان پەکی بکەوێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، 20ـی ئەم مانگە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێنمایی لیژنەی تایبەتی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە پەسندکردووە و ئێستا خەریکی هاوئاهەنگین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە."
رۆژی 21ى کانوونى دووەمى 2025، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا.
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:
- بڕیاری ژمارە 369ـی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
- بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەویین.
- بڕیاری ژمارە 949ـی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ