جۆرێکی نوێی جاڵجاڵۆکە لە خوارووی عێراق دەدۆزرێتەوە

26-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆرێک جاڵجاڵۆکە لە پارێزگای زیقار دۆزراوەتەوە. یەکێک لەو توێژەرانەی کاری لەسەر جاڵجاڵۆکەکە کردووە دەڵێت، توێژینەوەیەکیان لەو بارەوە ئامادە کردووە.
 
بەشی زانستی ژیان لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی زیقار توێژینەوەیەکی بە هاوبەشیی زانکۆی تورکوی فینلەندی و زانکۆی میسان ئامادەکردووە، کە تایبەتە بە جۆرێکی جاڵجاڵۆکە لە پارێزگای زیقار.
 
توێژینەوەکە لەلایەن د. غەسان عەدنان، مامۆستا لە بەشی زانستی ژیان لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی زیقار؛ د. عەلیڕەزا زەمانی، مامۆستا لە زانکۆی تورکوی فینلەندی و د. ئەحمەد بەدیری، مامۆستا لە زانکۆی میسان کراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، د. غەسان عەدنان بە رووداوی گوت، "لێکۆڵینەوەکەمان کۆتاییەکانی پار دەستپێکرد و سەرەتای ئەم مانگە تەواوکرا. لە رێگەیەوە توانیمان جۆرێکی دەگمەن و نوێی جاڵجاڵۆکە لە پارێزگای زیقار بدۆزینەوە کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە."
 
جاڵجاڵۆکەکە لە ناوچەکانی شەترە و ناسرییە هەیە؛ ئەو جاڵجاڵۆکەیە لە پۆلی Ladybird spider هەژمار دەکرێت.
 
بە گوتەی دکتۆر غەسان عەدنان، جاڵجاڵۆکەکە ناونراوە ئوور، "ئەوەش وەکو شانازییەک بە شارستانییەتی وڵاتی نێوان دوو رووبار، کە چەندین سەدە پێش زایین لەم ناوچەیە هەبوو."
 
ئوور شارێکی کۆنی بەنێوبانگی سۆمەرییەکان بوو، ئێستا شوێنەوارەکەی بەناوی تل مەقیر ناسراوە لە عێراق کە 16 کیلۆمەتر لە خوار شاری ناسرییەوەیە.
 
وەک ئەو مامۆستایەی بەشی زانستی ژیانی زانکۆی زیقار دەڵێت، توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری WSCـی سوێدی تایبەت بە جۆرەکانی جاڵجاڵۆکە تۆمارکردووە و دان بە نوێیەتی جۆری ئەو جاڵجاڵۆکەیە نراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە