رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یاریی عێراق و فەلەستین نەبووە و ئەوە بیانوویەکی لاوازە.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بیانوویەکی لاوازە. ئەگەر وابووایە، دەکرا دانیشتنەکە بۆ کاژێرێک دوابخرێت، ئەوەی کە لەناو پەرلەمان سەیری یارییان دەکرد، فەرمانبەرانی پەرلەمان بوون."
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی مانگێک زیاترە پەرلەمان سڕ بووە، ئەگەر یاسایەکی گرنگی وەکو حەشدی شەعبی نەبێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی شیعە بێن، ئەوا ناتوانرێت رێژەی یاسایی دانیشتنەکان تەواو بکرێت.
د. موسەننا ئەمین پرسیاری ئەوە دەکات، ئایا پارتی و یەکێتی کە دوو حیزبی گەورەی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتن، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرکردەکانی سوننە و شیعە، بڕیارێکیان وەرگرتووە سەبارەت بە هەڵەبجە؟ جەختیشی کردەوە، "زانیاریم هەیە کە کێشە هەیە." ئەو گوتیشی، زانیارییەکانی لە سێ سەرچاوەی گەورەی بەرپرسیاری عێراقی شیعە و سوننەوە بیستووە.
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو داوای لە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە کرد، ئەو تۆمەتانە لەسەر خۆیان لابەرن، "بەتایبەتی پارتی، بۆئەوەی بیسەلمێنن ئەم بابەتە جیدییە بەلای ئەوانەوە."
ئەم قسانەی د. موسەننا ئەمین لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرا پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامان، دانیشتنەکە دواخرا.
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان وەکو چوارەم پارێزگا لە 13-03-2014وە ناسێندراوە.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژە یاساکە نێردرایەوە پەرلەمانی عێراق.
پڕۆژەیاساکە لەم خولەی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ