سەندیکای پەرستارانی عێراق: سبەی 50٪ـی پەرستاران بایکۆتی دەوام دەکەن

24-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرستارانی عێراق لە سبەیەوە کارکردنیان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکاندا رادەگرن. نەقیبی سەندیکای پەرستارانی عێراقیش دەڵێت، هۆکاری مانگرتنەکەیان بۆ "کەمتەرخەمی" حکومەت دەگەڕێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانیش هۆشداری لە لێکەوتەکانی مانگرتنەکە دەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، فیراس موسەوی، نەقیبی سەندیکای پەرستارانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانمان لەلایەن حکومەتەوە، بڕیارمانداوە لە رۆژی 25ـی ئەم مانگەوە، کارکردن لە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان، نەخۆشخانە و کەرتەکان رابگرین، جگە لە شوێنە هەستیارەکان."
 
فیراس موسەوی گوتیشی، "بڕیارەکەمان ناردووە بۆ لقەکانمان لە سەرجەم پارێزگاکاندا و هەموو ئەو پەرستارانەی سەر بە سەندیکاکەمانن پابەندی بڕیارەکە دەبن، شێوازی مانگرتنەکەش نیو بە نیو دەبێت، واتا 50٪ـی پەرستاران لە دەوامی خۆیان بەردەوام دەبن لەبەر پێویستیی هاووڵاتییان."
 
بە گوتەی نەقیبی سەندیکای پەرستارانی عێراق، نزیکەی 30 داواکارییان هەن، بەڵام دیارترین داواکارییەکانیان بریتییە لە، زیادکردنی دەرماڵەی مەترسی بە رێژەی 20٪، دابەشکردنی زەوی بە سەرجەم پەرستاراندا، کردنەوەی بۆردی عێراقی و عەرەبی بۆ پەرستاران و دامەزراندنی دەرچووانی 2024.
 
لەبارەی ئەگەری بەدەنگەوە نەهاتنی حکومەت بۆ داواکارییەکانیان، فیراس موسەوی گوتی، "ئەگەر حکومەت بە هانای داواکارییەکانمانەوە نەیەت، رێکاری دیکە دەگرینەبەر."
 
لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پەرستاری ساڵی 2024، سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بە رووداوی راگەیاند، "تائێستا هیچ نووسراوێکمان بۆ دامەزراندنی ئەو دەرچووانە پێنەگەیشتووە، پێویستە حکومەت نووسراو بکات تاوەکو بتوانین دایانبمەزرێنین."
 
هاوکات باسم غورابی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "داواکارییەکانی پەرستاران رەوان و پشتگیرییان دەکەین، هەوڵی زۆریشمان لەگەڵ حکومەت داوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، بەردەوامیش دەبین."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان گوتیشی، "لەگەڵ سەندیکای پەرستاران قسەمان کردووە، کە ناکرێت ئەوان هەموو پێکەوە مانبگرن، پێشنیازمان بۆ کردوون نیوەیان مانبگرن، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە گیانی هاووڵاتییانەوە هەیە و کاریگەری گەورەی دەبێت."
 
باسم غورابی دەڵێت، رەنگە دەرچووانی 2024 دابمەزرێندرێن و لێکتێگەیشتنێک لەوبارەیەوە هەیە.
 
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، نزیکەی 110 هەزار پەرستار لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکاندا کار دەکەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.

دادگە بڕیاری گەڕانەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەی بۆ پۆستەکەی دەرکرد

دادگەی کارگێڕیی عێراق، فەرمانێکی وەلائی بۆ گەڕانەوەی عومەر کروی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، کروی پێشتر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی ساختە کردووە و نابێت بچێتەوە ئەو پۆستە.