یەکلاکردنەوەى چوار بەنداوى نوێ لە هەرێمى کوردستان دەدرێتە وەزارەتێکى حکومەتى فیدراڵ

07-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێژنەی باڵاى نیشتمانیى ئاو لە عێراق 17 راسپاردەى لەبارەى ئاو و بەخێوکردنى ماسى دەرکرد، بڕیاریدا پرسی دروستکردنى چوار بەنداو لە هەرێمى کوردستان بدەنە دەست وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، تاوەکو دواتر لیژنە باڵاکە بڕیاری لەسەر بدات. 
 
ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بوو، کە سەرۆکایەتیى لیژنەی باڵاى نیشتمانیی ئاو دەکات. 
 
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە 10 راسپاردەیان لە بارەى کەرتى ئاو و حەوت راسپاردەى دیکەیان لە بارەى بەخێوکردنى ماسى دەرکرد. 
 
لیژنەکە بڕیاری دا پرسی توێژینەوەى ستراتیژیى بەنداوەکانى باکوورمان، مەنداوە، تەقتەق، دەڵگە لە هەرێمى کوردستان بدەنە دەست وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو بۆ ئەوەى راسپاردەی کۆتایی لە بارەیانەوە بداتە لیژنەى باڵاى نیشتمانیی ئاو.
 
ئەو بەنداوانە ساڵى 2022 و لە سەردەمى دەسەڵاتى مستەفا کازمى پێشنیازى دروستکردنیان کراوە، بڕیار بوو لە یاسای بودجەى گشتیی عێراق پارە بۆ دروستکردنیان تەرخان بکرێت.
 
بەنداوی دەڵگە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەبێت لە پارێزگای سلێمانی، بەنداوی باکوورمان لە پارێزگای دهۆکە، هەردوو بەنداوی مەنداوە و تەقتەق لە سنوورى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانن.
 
بڕیارێکى دیکەى ئەو کۆبوونەوەیە ئەوەبوو، دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گشتیى بەنداوەکانى عێراق لە بارەى پرۆسەکانى چاککردنەوە و بەردەوامى و شیاندنى بەنداوەکانى دووکان، دەربەندیخان، دهۆک لە هەرێمى کوردستان و گەرەنتیکردنى پارێزراوییان لە رێگەى تیمى پەیوەندى لەگەڵ بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان و جێگیرکردنى بەردانەوەى ئاو لەو بەنداوانە لە چوارچێوەى پلانى دابەشکارى ئاو لە عێراق و ئەو پرسەش دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران. 
 
لیژنەی باڵاى نیشتمانی ئاو لە راسپاردەکانیدا داواى کردووە پشت بە وزەى خۆر ببەسترێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بۆ بەکارخستنى سیستمى ئاودێرى مۆدێرن، هەروەها دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ چڕبکرێتەوە بۆ زیادکردنى بڕى ئاوى بەردراوە بۆ عێراق. 
 
لیژنەکە بڕیاریشیدا مۆڵەتى پڕۆژەکانى بەخێوکردنى ماسى لە دەریاچە گڵینەکاندا رابگرێت و لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هاوئاهەنگى بکرێت بۆ ژیاندنەوەى زۆنگاوەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە