رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 7 سەرباز گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ (شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای لوڕستان بڵاویکردەوە، کاژێر 12:25 خولەکی ئەمڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان (12:55 خولەک بە کاتی هەولێر)، رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی ئەندیمێشک - پولدختەر روویدا.
رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان باس لەوە دەکات، پاسێک کە سەربازی تێدا بووە لەسەر ئەو رێگەیە وەرگەڕاوە و کەوتووەتە نێو دۆڵێکەوە، لە ئەنجامدا 7 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 16 کەسی دیکەیان برینداربوون.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ