وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا مافی ئەوەی نییە سیاسەتی خۆی بە سەر ئێمەدا بسەپێنێت

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەوە کۆتایی هات، ئەمریکا مافی ئەوەی نییە سیاسەتی خۆی بە سەر ئێمەدا بسەپێنێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئاداری 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند: "ئەوە کۆتایی هات و ئەمریکا ناتوانێت سیاسەتی خۆی بە سەر ئێمەدا بسپێنێت".
 
عەباس عێراقچی گوتی: "سەردەمی سەپاندنی سیاسەتی خۆتان بە سەر ئێراندا  ساڵی 1979 کۆتایی هات (ئەو کاتەی کە شۆڕشی ئیسلامی بە سەر دەسەڵاتی ئەو کاتی ئێران سەرکەوت)."
 
عێراقچی رەخنە لە سیاسەتی بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرت و گوتی: پار ئیدارەی بایدن بە بەهای 23 ملیار دۆلار هاوکاری رژێمی مرۆڤکوژی کردووە کە نزیکەی 60 هەزار هاووڵاتی فەلەستینی کوشتووە کە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەوەش لە ئەستۆی ئەمریکایە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئێوەش کۆتایی بە پشتیوانیی ئیسرائیلی مرۆڤکوژی تیرۆرست بهێنن و کوشتنی خەڵکی یەمەن راگرن."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حووسییەکان کرد، پێگەی حووسییەکان لە 6 پارێزگای یەمەن کرانە ئامانج. 
 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران: "پێویستە دەستبەجێ پشتیوانیکردنی حووسییە تیرۆریستەکان بوەستێت و ئەگەر ئێران هەڕەشە بۆ ئەمریکا دروست بکات، ئەوا ئەمریکا بە بەرپرسیاریان دەزانێت و نەرمیش نابێت".
 
ئەو هێرشانە لەکاتێکدان، ترەمپ دەستی بە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران کردووە، لە کاتێکدا داوای دانوستاندنیش لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە