مووچەی کرێکاران لە ئێران 45% زیاد دەکرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران، ئەمڕۆ بڕیاری زیادکردنی مووچەی کرێکارانی پەسند کرد و لە ساڵی داهاتووەوە مووچەی کرێکاران 45 لە سەت زیاد دەکرێت و کەمترین مووچەی کرێکار 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دەبێت. نوێنەری کرێکاران داوایان کردبوو مووچە 70 لەسەت زیاد بکرێت.
 
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای کار، بۆ ساڵی داهاتووی هەتاوی، کەمترین دەستحەق رۆژانە 346 هەزار و 365 تمەن دیاری کرا و لەبارەی یەکەی نیشتەجێبوون هیچ بڕیارێکی نەدا و هاوکاری بۆ ئەو بەشە هەر 900 هەزار تمەن دەمێنێتەوە.
 
کەمترین مووچەی کرێکاران لە ئەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی پێشتر 35 لەسەت زیادکرابوو و بەرارود بە ئەم ساڵ 10 لەسەت زیاد کراوە. چالاکڤانانی کرێکاری و هەندێک لە پەرلەمانتاران رەخنەیان هەیە کە ئەو بڕە لەگەڵ رێژەی هەڵاوسان و دۆخی ئابووری یەک ناگرێتەوە. 
 
عەلی بابایی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمان رایگەیاندووە، ئەگەر زیادکردنی مووچە و دەستحەقی کرێکاران بۆ ساڵی داهاتوو کەمتر لە 50 لەسەت بێت، لادانە.
 
بەپێی هەندێک لە ئامارەکان سەبەتەی ژیانی خێزانەکان لانیکەم 23 ملیۆن و 500 هەزار تمەنە.
 
ئەنجوومەنی کار بڕی پارەی بۆ خۆراکی کرێکاران کە پێشتر 1 ملیۆن و 400 هەزار تمەن بوو بۆ 2 ملیۆن و 200 هەزار تمەن زیاد کرد.
 
بڕی پارە بۆ هەر منداڵێک لە نزیکەی 717 هەزار تمەنەوە بۆ 1 ملیۆن و 39 هەزار تمەن زیادکردووە.  
 
بە زیادکردنی 45 لەسەتی مووچەی کرێکاران، لانیکەمی مووچەی مانگانەی کرێکاری خێزاندار بە دوو منداڵەوە لە 11 ملیۆن و 694 هەزارەوە دەبێتە 16 ملیۆن و 351 هەزار تمەن.
 
کەمترین مووچەی کرێکاری سەڵت کە تازە دامەزراوە لە 9 ملیۆن و 466 هەزارەوە دەکرێتە 13 ملیۆن و 500 هەزار تمەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە