رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەوان لە شوێنی قەتەر بوونایە، گوشارەکانی ئەمریکایان پشتگوێ دەخست.
رۆژی چوارشەممە، 19ی شوباتی 2025، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە.
خامنەیی لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "قەتەر بە وڵاتێکی دۆست و برا دەزانین، هەرچەندە هێشتا هەندێک پرسی ناڕوون و چارەسەرنەکراو هەن، وەک گەڕانەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران کە لە کۆریای باشوورەوە گواستراونەتەوە بۆ قەتەر".
خامنەیی، گوتی: "ئەگەر ئێمە لە شوێنی قەتەر بووینایە، گوشارەکانی ئەمریکامان پشتگوێ دەخست و داواکارییەکانی لایەنی بەرامبەرمان دەگەڕاندەوە، چاوەڕوانی کردەوەی لەو شێوەیە لە قەتەرین".
میری قەتەر لە سەردانەکەی بۆ تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا کە لە مانگی 8ی 2023 کراوە، 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور ئازاد کرا و گوازرایەوە بۆ بانکێکی قەتەر، هەروەها نزیکەی 6.6 ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراقەوە گوازرایەوە بۆ بانکەکانی عومان.
سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسیی ئێرانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی سەردانەکەی شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر بۆ تاران رایگەیاند: ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هەیە، هۆکاری سەرەکیی سەردانەکە، جۆرێک لە دانوستاندن و رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران دەزانم.''
دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 7ـی شوباتی 2025 دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و گوتی، ''هیچ کاریگەرییەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا نییە''، بەرپرسانی حکومیش لە تاران بە فەرمی دانوستاندیان رەتکردەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست، رۆژی پێنجشەممە بە گەڕانەوە بۆ هەواڵگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە گوایە ئیسرائیل "لەوانەیە لە شەش مانگی یەکەمی 2025 هەوڵی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنزی ئێران بدات."
4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ دەستپێکردنەوەی سیاسەتی ''ئەوپەڕی گوشار'' لە دژی ئێران واژۆ کرد، بەڵام هیوای خواست پێویست نەبێت بەکاری بێنن. ساڵی 2018ـەش لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، جیا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" دژی ئێران، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـەش کشایەوە.
ترەمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە: "من رێککەوتنێکی بێ ئەتۆمیم لەگەڵ ئێران دەوێت. ئەمەم پێ باشترە لەوەی بۆردوومان بکرێت،" گوتیشی: "ئەگەر رێککەوتنەکە بکەین، ئیسرائیل بۆمبارانیان ناکات."
ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئێران لە ئەگەری هەر هێڕشێکدا، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە تەلئەڤیڤ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن و دەشڵێن: "ئەگەر 100 [دامەزراوەی ئەتۆمی] وێران بکەن، منداڵانمان هەزاریان دروست دەکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ