دادی ئێران: ئەو ژنەی لە زانکۆ خۆی رووتکردەوە، رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە

دوێنێ کاژێر 06:47
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، "هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەو ژنەی لەنێو زانکۆ خۆی رووتکردەوە، تۆمار نەکراوە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19-11-2024 ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو کەسە نەخۆش بووە، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دیاری کراوە کە نەخۆشە، ئێستا رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە."
 
ئەسغەر جەهانگیر رایگەیاند، "ئاهو دەریایی ئێستا لای خێزانەکەی چارەسەر وەردەگرێت، هیچ سکاڵایەک لە سیستمی دادوەری دژی تۆمارنەکراوە."
 
ئاهو دەریایی، خوێندکاری زانکۆی ئازادی تارانە و لە 02-11-2024 لەنێو زانکۆ بەشێکی زۆری جلەکانی لابرد و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
 
دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارە کاردانەوەی لێکەوتەوە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەبارەت بە گواستنەوەی ژنەکە بۆ "نەخۆشخانەیەکی دەروونی" نیگەرانی خۆی دەربڕی.
 
مای ساتۆ، رێپورتەری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستبەسەر کردنی ئاهو دەریایی و کاردانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارەیەوە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە