رووداو دیجیتاڵ
پچڕانی کارەبا لە تارانی پایتەختی ئێران، قەیرانی کەمیی کارەبای لەو وڵاتە بردە قۆناخێکی نوێوە. وەزیرەکانی حکومەت یەکدی بە پچڕانی کارەبا تۆمەتبار دەکەن.
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: "ئێمە سووتەمەنی دەدەینە وێستگەکان. لەم مانگەدا بە شێوەیەکی مامناوەند 52 ملیۆن لیتر سووتەمەنیمان داوەتە وێستگەکان، بە راکێشانی بۆری و گواستنەوەی سووتەمەنی بە بارهەڵگر ئەوەی پێویست بووە کراوە، ئەو کوژانەوەی لە بەشێکی تاران روویدا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لە وێستگەکانی تایبەت بە دابینکردنی کارەبا نەبووە، وێستگەکان سووتەمەنی پێویستیان هەبووە"
کۆمپانیای کارەبای نیشتمانی ئێران روونیکردەوە بەهۆی ئەو سنووردارییانەی لە دابینکردن و گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دروست بووە، کارەبای تاران بڕاوە، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، کار دەکات بۆ بەکارخستنەوەی وێستگەکان، بەڵام داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبای کرد بە رێژەی 10٪.
سەرۆککۆماری ئێرانیش دەڵێت ساڵی داهاتوو ئەم کێشەیە نامێنێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "بۆچی ئێستا کارەبا دەبڕێت، گاز دەپچرێت، ئەمە هی ئێستا نییە کە ئێمە بڵێین بۆچی وابووە، بەڵام ئێمە خەریکین کارێک دەکەین ساڵی داهاتوو ئەمە روو نەدات، پلان دادەنێین کە 30 هەزار مێگاوات کارەبای لە وزەی خۆر بەرهەم بێنین کە لە هاوینیش تووشی کێشە نەبین. بەڵام بابەتێکی دیکەش هەیە، ئێمە سێ قات زیاتر لە وڵاتانی دەوڵەمەند گاز و کارەبا بەکاردێنین".
سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت و گازی جیهانە، ئێران لە مانگەکانی رابردوودا ناچار بووە بە خشتە کارەبا ببڕێت، هەروەها قوتابخانەکان و فەرمانگە حکومییەکانی لە تاران و زیاتر لە 20 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگاکەی داخست بۆ پاشەکەوتکردنی وزە.
ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە زیاتر 93 هەزار مێگاوات. ساڵانەش ئاستی بەکارهێنانی کارەبا لەو وڵاتە 8٪ زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ