وەزیری دەرەوەی ئێران: متمانەمان بە دانوستاندن [لەگەڵ ئەمریکا] نییە

10-02-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، متمانەیان بە دانوستاندن [لەگەڵ ئەمریکا] نییە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک لە ژێر گوشاردا دانوستاندن ناکەن.

رۆژی دووشەممە، 10ی شوباتی 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەمریکا بەڵێنەکەی شکاند و لە رێککەوتن کشایەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "مەبەستیان لە دانوستاندن، خۆبەدەستەوەدانە، گەلی ئێرانیش هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات".
 
عێراقچی باسی زیاترکردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی دەکات لەلایەن ئەمریکاوە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان چییان کرد بۆ ئەوەی گەلی ئێران جارێکی دیکە متمانەیان پێبکاتەوە و جارێکی دیکە بچنە ناو دانوستاندنەوە! جگە لەوەی گوشاری زیاتر بەسەرماندا دەسەپێنن، هەڕەشە و سزای زیاتریش دەکەن، کەواتە بۆچی متمانەیان پێبکەین و بچینە گفتوگۆوە".
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆ کرد.
 
عێراقچی دەڵێت: "ئێمە رێگە نادەین هیچ کەسێک لە رێگەی هەڕەشە و گەمارۆوە ئیرادەی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ترەمپ باسی دانوستاندن دەکات، لە کاتێکدا سزا و گوشارەکان چڕتر دەکاتەوە".
 
دۆناڵد ترەمپ دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "بەهیوام پێویست نەکات [رێکاری] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بەمە، بەڵام راستییەکەی بژاردەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین."
 
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین، بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
 
ترەمپ ساڵی 2018 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، جیا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" دژی ئێران، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـەش کشایەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە