رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت، "ئێمە قوربانیی تیرۆرین و بەرگری لە خۆمان دەکەین." ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە بە ئەمریکا نادەن پیلانەکانی جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی شوباتی 2025 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "رێگە بە ئەمریکا نادەین پیلانەکانی دژی وڵاتەکەمان جێبەجێ بکات."
لە گوتارەکەیدا لە 46ـەمین ساڵڕۆژی گەلانی ئێران، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات، ئێران ناوچەکەی تێکداوە، بەڵام ئەوە ئیسرائیلە بە پاڵپشتیی ئەمریکا خەڵکی ستەملێکراوی غەززە، لوبنان، فەلەستین، سووریا، ئێران و هەر جێگەیەک کە بیەوێت بۆمباران دەکات."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، "ترەمپ داوای دانوستاندن دەکات، بەڵام گوشارەکان زیاتر دەکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "ئەوان بە ئێمە دەڵێن تیرۆریست، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێمە قوربانیمان داوە لە رێگەی تیرۆر، قوربانیی تیرۆرین و بەرگری لە خۆمان دەکەین."
پزیشکیان ئەوەیشی خستەڕوو، شەڕ دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، "ئێمە لە ناوچەکەدا بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێین. بە یەکڕیزی دەتوانین هەموو کێشەکان لەناوببەین."
ساڵی 1979 شۆڕشی گەلانی ئێران بە رابەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی و سەرکردایەتیی ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی ئێستای ئێران دژی رژێمی شا دەستیپێکرد، 46 ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ