خامنەیی نوێنەری خۆی لە لوبنان دیاری کرد

05-02-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو  دیجیتال

 رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەسی یەکەمی حیزبوڵڵای بە نوێنەری خۆی لە لوبنان دەستنیشان کرد.
 
چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025 ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی وەکو نوێنەری خۆی لە لوبنان دەستنیشان کرد.
 
پێشتر حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا، نوێنەری عەلی خامنەیی بوو لە لوبنان.
 
حیزبوڵڵای لوبنانی، لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین، نەعیم قاسمی وەک ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە دەستنیشانکرد.
 
نەعیم قاسم، تەمەنی 72 ساڵە، شارەزای زمانی فەرەنسی و ئینگلیزییە، هەروەها خوێندنی باڵای لە بواری کیمیادا تەواو کردووە، ئەمە جگە لەوەی خوێندنی ئایینی لە ژێر دەستی زانایانی باڵای شیعە لە لوبنان خوێندووە.

نەعیم قاسم کێیە؟
 
- ساڵی 1953 لە گوندی کەفەر فیلا لە لوبنان لەدایکبووە.
- شیعە مەزهەبی 12 ئیمامییە.
- لە ساڵانی 1991-2024 جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بووە.
- لە زانکۆی لوبنان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کیمیا بەدەستهێناوە.
- یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی قوتابییانی موسڵمان لە لوبنان.
- لە ساڵی 1991 جێگری ئەمینداری گشتی بووە. 
- 1974-1988 سەرۆکی کۆمەڵەی ئیسلامیی بووە بۆ پەروەردەی ئایینی.
- یەکێکە لە دامەزرێنەرانی حیزبوڵڵا.
-  26 کتێبی نووسیوە، کە زۆربەیان لەسەر مەزهەب و کەسایەتییە شیعەکانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە