رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بە باشی بەکاربهێندرێت، سزاکانی ئەمریکا کاریگەرییان نامێنێت.
چوارشەممە (5ـی شوباتی 2025) مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "ئەمریکییەکان پێیانوایە هەموو شتێکی ئێمە بە نەوت بەستراوەتەوە، دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتەکەمان بووەستێنن، لەکاتێکدا زۆر رێگە هەن بۆ لەنێوبردنی ئامانجەکانیان."
پزیشکیان دەڵێ ئەگەر سامانی وڵاتەکە بە باشی بەکاربهێندرێت و پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دراوسێکانیان دا هەبێت، "ئایا دەتوانن بەو ئاسانییە وڵاتێک کە ئەو توانایە و پەیوەندییەی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەبێت، سزا بدەن؟"
رۆژی سێشەممە (4ـی شوباتی 2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆ کرد.
ترەمپ، دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "بەهیوام پێویست نەکات [رێکاری] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بەمە، بەڵام راستییەکەی بژارەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین."
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی "سەیر دەکەین بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا کە "ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟" لە وەڵامدا گوتی: "ئەوان زۆر زۆر نزیکن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ