رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای هەفتەی داهاتوو، مۆڵەتی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتایی دێت، جێگری وەزیری نەوتی ئێرانیش دەڵێت، بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکە دەبێت عێراق مۆڵەت لە ئەمریکا وەربگرێت.
رۆژی شەممە، یەکی ئاداری 2025، سەعید تەوەکولی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند،"سەرباری ئەوەی مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران لە 8ـی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت، بەڵام حکومەتی عێراق مۆڵەتی کاتی لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ کڕینی گازی ئێرانی وەردەگرێت".
سەعید تەوەکولی گوتی: "ئەگەر ئەمریکا مۆڵەتی کڕینی گازی ئێرانی بۆ عێراق نوێ نەکاتەوە، پلانی جێگرەوەمان دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە".
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، تێچووی ساڵانەی هاوردەکردنی گازی سروشتیی ئێران کەمتر لە چوار ملیار دۆلارە.
21ـی کانوونی دووەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند،" ھاوردەكردنی گاز لە ئێرانەوە تێچووەكەی زۆرە، جگە لەوەش بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی ئێران، ناتوانرێت ئەم گازە بەردەوام دابین بکرێت."
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، ھەوڵدەدەن كار لەسەر جێگرەوەی گازی ئێران بكەن، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە بەرھەمی ناوخۆیی و لە رێگەی پرۆژەی تۆتاڵەوە لە باشووری عێراق کە گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە بۆ سوود وەرگرتن لە گازی هاوەڵ.
لە ساڵی 2018ـەوە، ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە هەژمارێکی بانکیی عێراقەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
ئەمریکا ساڵانێکە داوا لە عێراق دەکات خۆی لە هەژموونی ئێرانی دراوسێی لابدات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چیدیکە لە چوارچێوەی داواکاریدا نەمێنێتەوە؛ لەبری ئەوە بە سزا گوشار بخاتە سەر حکومەتی سوودانی.
ئەگەر ئەمریکا مۆڵەتەکە بۆ عێراق نوێ نەکاتەوە، عێراق تووشی گەورەترین قەیرانی وزە دەبێت، چونکە خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە 50 هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانەکەی بەو گاز و کارەبایەشی لە ئێرانی دەکڕێت 25 مێگاواتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ