رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گریانی کەسێک بۆ لەدەستدانی خێزانەکەی لە خان یونسی فەلەستین، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە کوژراون، وێنە: Mahmud HAMS / AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێردا، شەش کارمەندی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی (UNRWA) کوژراون، بەمەش کۆی کوژراوانی رێکخراوەکە گەیشتە 35 کەس.
رۆژی سێشەممە 24-10-2023 رێکخراوی مرۆیی ئۆچای OCHAY سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکی گرژیی و ئاڵۆزییەکان، 16 کارمەندی تەندروستی لەسەر کار کوژراون، هەروەها 35 ستافی UNRWA گیانیان لەدەستداوە؛ شەش لەو کوژراوانە لە 24 کاژێری رابردوو بوونە."
رێکخراوی UNRWA پاڵپشتیی زیاتر لە 5 ملیۆن و 600 هەزار پەنابەر لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم/قودس، هەروەها پەنابەرانی ئوردن لوبنان و سووریاش دەکات.
رێکخراوی UNRWA لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) لە بارەی کوژرانی ئەو 35 کارمەندەی نووسیویەتی "خەمبارین و لەیادمانن، ئەوان تەنیا کارمەند نەبوون. ئەوان هاوڕێ و هاوپیشەمان بوون کە لە غەززە کوژران؛ زۆربەیان لە قوتابخانەکانی سەر بە UNRWA مامۆستا بوون."
هەمان رۆژ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هاوخەمیی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو 35 کەسە دەربڕی و، گوتی، "تازیەبارین بە لەدەستدانیان و لەگەڵ هەموو هاوپیشەکانمان دەبین کە یارمەتیی لێقەوماوان دەدەن."
بەپێی رێکخراوی ئۆچا، نزیکەی 590 هەزار خەڵکی بێماڵ و ئاوارە لە پەناگەکانی رێکخراوی ئۆنروا هێڵراونەتەوە. لە قوتابخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تائێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 180 کەسیش برینداربوون.
ئۆچا هۆشداریی دەدات کە چیدی رێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن پێداویستیی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان دابین بکەن، خەریکە ئاو، کارەبا، خواردن و کەرەستە سەرەکییەکانی ژیان بەتەواوی نامێنن.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوای ناردنی 50 بارهەڵگری پێداویستی، رایگەیاند، رۆژانە 100 بۆ 200 بارهەڵگر پێویستن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی خەڵکە ئاوارەکە.
ئۆنروا رێکخراوێکی گەشەپێدانی مرۆییە و لە ساڵی 1949 بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی فەلەستینی دامەزراوە، بودجەی ساڵانەی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە و 30 هەزار کارمەندی هەیە. زۆربەیان لە فەلەستین و وڵاتانی دەوروبەری کاردەکەن و بنکەی سەرەکیی رێکخراوەکەش لە ئوردن و غەززەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ