نەتەنیاهوو لە "هێڵە سوورەکانی ترەمپ" لە بارەی ئێران نیگەرانە

15-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "نیگەرانە"، چونکە وردەکاریی ئەو هێڵە سوورانە نازانێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا بۆ ئێرانی داناوە. 
 
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات، بە رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرونوت"ی ئیسرائیلی راگەیاندووە، "نیگەرانییەکی ئەمنیی قووڵ" سەبارەت بە ناڕوونیی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران هەیە. 
 
وەک لە راپۆرتێکی رۆژنامەکەدا هاتووە، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە دەڵێت: "نیگەرانیی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە نازانین ترەمپ چی دەوێت. ناشزانین هێڵە سوورەکانی چین. نەتەنیاهووش بە وردی نایزانێت."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، "ئیسرائیل لەوە دەترسێت رێککەوتنێکی خراپ بکرێت و تەنیا رێگە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بگرێت، بێ ئەوەی سنوور بۆ بەرنامەی مووشەکیی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا دابنێت، وەک حووسییەکانی یەمەن، کە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل."
 
بەرپرسەکە باس لەوە دەکات، "رێککەوتنێکی لەو جۆرە، دەستەکانی ئیسرائیل دەبەستێتەوە. ئەگەر رێکەوتنێک کرا کە لە ئاست بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نەبێت، ئیسرائیل ناتوانێت هیچ هێرشێک بکاتە سەر ئێران. ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی بە رێککەوتن، یان هێرشی سەربازیی راستەوخۆ."
 
پێشتر ترەمپ گوتبووی، دەکرێت ئێران "ببێتە وڵاتێکی نایاب ئەگەر واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بێنێت، بەڵام روونینەکردەوە کە ئایا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات یان تەنیا دەیەوێت نەیگەیێنێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. 
 
بەڵام رۆژی دووشەممە، ترەمپ دووبارە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردەوە و تارانی تۆمەتبارکرد بەوەی لە دانوستاندنەکاندا "خاوەخاو" دەکات.
 
رۆژی شەممەی رابردوو، بەرپرسانی واشنتن و تاران لە عومان کۆبوونەوە. هەردوولا دانوستاندنەکانیان بە "ئەرێنی و بونیادنەر"ناوبردن. 
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا ئامادەیە رێگە بە مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدات، بەو مەرجەی نەیگەیێنێتە ئاستێک کە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەستبدات.
 
بەڵام نەتەنیاهوو داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەکە دەکات، ئێرانیش ئەوە رەتدەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە