رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان دەنێرن. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر نەخۆشێکی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەرەوەی وڵات بێت، لەسەر ئەرکی ئەوان دەنێردرێتە دەرەوە.
رۆژی هەینی 22ی ئەیلوولی 2023 دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە نیویۆرک گوت، "وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی بەرپرسە لە تەندروستی لە عێراق، بەڵام بەگوێرەی یاسای بودجە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم[ی کوردستان] تەنیا بە خەرجیی حاکیمەوە بەستراوەتەوە، کە خۆی تەنیا لە دەرماندا دەبینێتەوە، واتە پشکی دەرمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی [فیدراڵییەوە] دەدرێت."
حەسناوی گوتی، بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە کەرەستە، بەڕێوەبردنی تەندروستی و دروستکردنی نەخۆشخانە لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستاندایە و پەیوەندیی بە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە نییە.
وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیی باشیان هەیە و بە سەردانیکردنی یەکدی "زۆر شت"یان ئاسان کردووە. گوتیشی، "وێڕای ئەوەی کە بودجەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم[ی کوردستان] بودجەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گرنگی بە تەندروستیی هاووڵاتییان دەدەین؛ لەڕێگەی تیمی گواستنەوەی پزیشکی و ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی عێراق پێویستیان بە چارەسەرە، لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی دەیاننێرین."
ساڵح مەهدی حەسناوی گوتیشی، ئێستا هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ تەندروستی لە عێراق نییە و تەنیا پشت بە بودجە دەبەستن. ئاماژەی بەوەشکرد، "قەرز هەیە؛ ئەو قەرزانە هەرێمی کوردستانیش دەگرنەوە، ئینجا ئەو قەرزانە بن کە بۆ بونیادنانی نەخۆشخانەکان کراون یان بۆ [کڕینی] کەرەستە و ئامێرەکان."
پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی گشتیی عێراق بریتییە لە 23 تریلیۆن و 882 ملیار و 653 ملیۆن و 399 هەزار دینار، بەڵام دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادی، کە بەشێکیان بۆ دەرمانە، پوختەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار.
لە بودجەی گشتی عێراقدا لە چوارچێوەی خەرجی حاکمییەدا تریلیۆنێک و 651 ملیار و 864 ملیۆن و 216 هەزار دینار بۆ دەرمان دانراوە، لەوبڕە پشکی هەرێمی کوردستان: 206 ملیار و 291 ملیۆن و 196 هەزار دینارە و پێش ناردنی دەرمانەکە لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ