غەززەییەکان خۆشحاڵن بە پلانی فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستینی

12-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
دیمەنێکی کەرتی غەززە
دیمەنێکی کەرتی غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە 18 مانگ لە وێرانکاری، هێرش و کوشتن لە غەززە، فەرەنسا هەنگاوێکی ئەرێنی دەنێت بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، ئەمەش خۆشحاڵی لەنێو خەڵکی غەززە دروستکردووە.
 
ئیبراهیم موسا، دانیشتووی غەززە دەڵێت: "هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە فەرەنسا بکات لەم هەنگاوە ئەرێنییە و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا و جیهانیش هەمان هەنگاوی ئەرێنی بگرنەبەر." 
 
حوسام عاجوور، دانیشتوویەکی دیکەی غەززەیە و باس لەوە دەکات: "ئێمە وەکو خەڵکی فەلەستین خۆشحاڵبووین بەو دانپێدانانەی فەرەنسا و هیوادارین ئەو بڕیارە، هاوکاریی خەڵکی غەززە بکات و بەپەلە هاوکاریی مرۆیی بگاتە دەستمان، ئێمە خەڵکێکین حەزمان بە ژیانە." 
 
رۆژی چوارشەممە، 09ـی نیسان لە کاتی سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، رەنگە لە مانگی حوزەیراندا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
 
تاوەکو ئێستا لە کۆی 193 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، 147 وڵات دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، بەڵام وڵاتانی زلهێزی رۆژئاوایی وەکو ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا خۆیان لەو بابەتە بەدوورگرتووە. 
 
لەبەرامبەردا ئیسرائیل سەرکۆنەی پلانەکەی ماکرۆنی کرد و رایگەیاند ئەوە "خەڵاتکردنی تیرۆر و هاندانی حەماسە."
 
سەلوا شەندەغلی، دانیشتووی غەززە ئاماژە بەوە دەکات: "فەرەنسا وڵاتێکی زلهێزە لەنێو وڵاتانی ئەورووپا و گوشارێکی گەورەیە بۆسەر ئیسرائیل، بەڵام بەس نییە و پێویستمان بەوەیە وڵاتانی دیکەش پشتگریی لە پرسی فەلەستینی بکەن." 
 
٪75ی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە. لە دوای جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، 10 وڵاتی دیکە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا لەوانە ئیسپانیا و نەرویج و ئێرلەندا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە