رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەکی کرد.
یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بوو. نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی، "دەرفەتێکی باشبوو لە ئەنتاڵیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوومەوە، تاوتوێی پێشهاتە هەرێمییەکان و دۆخی هاریکاریی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیامان کرد."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "له کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی رووسیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، به‌تايبه‌تى له بوارى ئابووريدا تاوتوێ کران، هەروەها ده‌رباره‌ی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییە هەنووکەیییه‌کان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه."
دۆخی سووریا و چه‌ند پرسێکی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوو.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەی کۆبوونەوەی نێوان لاڤرۆڤ و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و نووسی، "سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی سەربەخۆی عێراق کۆبووەوە."
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی 4ـەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد، نێچیرڤان بارزانی و سێرگی لاڤرۆیش بەشداربوون لە کۆڕبەندەکە.
هەر دوێنێ هەینی 11ـی نیسان، نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتاڵیا بە جیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، کۆبووەوە.
'سه‌قامگيرى و دوورخستنه‌وەى ناوچه‌كه له كێشه‌كان'
دووەم کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بوو. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نووسی، "هەردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى بره‌ودان به كارى پێكه‌وه‌يى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان وڵاتانى ناوچه‌كه، بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و دوورخستنه‌وەى ناوچه‌كه له كێشه‌كان و ئاڵۆزيى زياتر."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، له کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ "پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌که"، تاوتوێ کرا، هەروەها لەباره‌ی دۆخی عێراق و پێشهاته‌کانی ناوچه‌که به‌گشتى، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى مايه‌ى بايه‌خى هه‌ردوولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئێکس ڤیدیۆیەک و سێ وێنەی کۆبوونەوەکانی بڵاوکردەوە و نووسی: "یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردیی باکووری عێراق لە ئەنتاڵیا دووقۆڵی کۆبوونەوە."
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021. دووەمین کۆڕبەند لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022. ساڵی 2023 بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو. سێیەمین کۆڕبەندیش لە رۆژانی 1 تاوەکو 3ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو.
'به‌هێزکردنی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان'
لە سێیەم کۆبوونەوەدا، نێچیرڤان بارزانی چاوی بە ئه‌حمه‌د ئه‌بو‌لغه‌یت، ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی کەوت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمکاری عه‌ره‌بی تاوتوێ كران. هه‌روه‌ها لەباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر-به‌غدا، پێشهاته سیاسییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که، گرنگيى پاراستنى سه‌قامگیری و به‌هێزکردنی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
چوار هەزار میوانی نێوخۆیی و بیانی لەنێویاندا 20 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، 50 وەزیری دەرەوەی وڵاتان، 70 وەزیری دیکەی وڵاتان، 60 نوێنەری باڵای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری لە کۆڕبەندەکەی ئەم ساڵدا دەکەن.
'زمانى لێكگه‌يیشتن و گفتوگۆى ئاشتييانه'
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لویجی دی مایۆ، نوێنه‌ری تایبه‌تی یه‌کێتيی ئه‌ورووپا بۆ ناوچه‌ی که‌نداو، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا چوارەمین کۆبوونەوەی کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاویکردەوە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له بره‌ودان به پەیوەندییەکانی هه‌رێمی کوردستان و یه‌کێتيی ئه‌ورووپا و پته‌وكردنى هاوکاريی هاوبه‌ش له بواره جياكاندا كرده‌وه.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاته ناوچه‌يى، نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر عێراق و کوردستان و ناوچه‌ی که‌نداو، تاوتوێ کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قاميگرى له ناوچه‌كه‌دا له رێگه‌ى بره‌ودان به زمانى لێكگه‌يشتن و گفتوگۆى ئاشتييانه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و گرژييه‌كان و دوورخستنه‌وەى ناوچه‌كه له ئاڵۆزيى زياتر.
پار، چوار ھەزار و 700 کەسایەتی لە 147 وڵاتەوە لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا 2024دا بەشداربوون، لەنێویاندا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و دوو سەرۆکی هەرێم و 52 وەزیری دەرەوەی وڵاتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ