رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە عومان "زۆر ئەرێنی و بونیادنەر بوون" و هەردوولا رێککەوتوون شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێراندا کردووە.
کۆشکی سپی دەڵێت: "گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی و بونیادنەر بوون و ئەمریکا زۆر سوپاسی سوڵتاننشینی عومان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی لەم دەستپێشخەرییە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."
کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە "گفتوگۆی ئەمڕۆی راستەوخۆی ویتکۆف هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامێک کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت."
پێش راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، ئێران رایگەیاندبوو، ئەمریکا دەیەوێت "بە زووترین کات" بگاتە رێککەوتنێکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە ئەگەر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رێکنەکەون، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر وڵاتەکە.
عێراقچی بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "لایەنی ئەمریکی گوتی، رێککەوتنی ئەرێنی بە جۆرێک دەبێت کە بە زووترین کات بەدەستبهێنرێت، بەڵام ئەوە ئاسان نابێت و پێویستی بە ئامادەیی هەردوولا دەبێت." گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە دانانی بناخەیەک بۆ دانوستاندن زۆر نزیک بووینەوە. نە ئێمە و نە لایەنەکەی دیکە، دانوستاندنی بێ بەرهەممان ناوێت. نامانەوێت دانوستاندن لە پێناو دانوستاندن بکەین."
بە گوتەی کۆشکی سپی، سەعید بەدر، وەزیری دەرەوی عومان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو. ئێران دەڵێت، وەزیرەکە لە "گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا" وەک نێوەندگیر رۆڵی بینیوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی پێدادەنێت کە دانوستاندنکارەکان "بۆ ماوەی چەند خوولەکێک" رووبەڕوو قسەیان لەگەڵ یەک کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، کۆبوونەوەکە "لە کەشێکی بونیادنەر و بە رێزگرتنی هاوبەش بەڕێوەچوو."
ئەم دوو نەیارە مێژووییە کە زیاتر لە 40 ساڵە پەیوەندیی دیپلۆماسییان نەماوە، دەیانەوێت ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییە کارابکەنەوە کە ساڵی 2018 ترەمپ بە کشاندنەوەی تاکلایەنانەی ئەمریکا، پەکیخست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ