ئیسرائیل بە مەرجی چەکدادان پێشنیازی ئاگربەست دەکات و حەماسیش دەڵێت هێڵی سوورە

15-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای نزیک لە حکومەتی میسر دەڵێت، قاهیرە پێشنیازی ئاگربەستی کاتیی لە ئیسرائیلەوە پێگەیشتووە و بۆ حەماس نێردراوە. حەماس دەڵێت، ئیسرائیل داوای چەکدانانی کردووە و ئەمەش هێڵی سوورە لەلای ئەوان. 
 
رۆژی دووشەممە میدیای میسر رایگەیاند: "میسر ئەو پێشنیازەی ئاگربەستی ئیسرائیلی بۆ حەماس ناردووە، بە زووترین کات چاوەڕێی وەڵامی حەماس دەکات."
 
بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ئەو پێشنیازەی ئیسرائیل "‌هێڵە سوورەکان دەبەزێنێت، ئەوان داوا دەکەن پێش ئاگربەستی هەمیشەیی حەماس چەک دابنێت. چەک لەلای حەماس و گرووپەکانی موقاوەمە هێڵی سوورە و دانوستاندنی لەسەر ناکرێت."
 
ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، ئیسرائیل پێشنیازی کردووە 45 رۆژ ئاگربەست رابگەیێنن لە بەرامبەردا حەماس نیوەی بارمتەکانی غەززە ئازاد بکات. 
 
حەماس رایگەیاند، دوای راوێژکردن ئینجا وەڵامی پێشنیازەکە دەدەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، تاهر نونو، راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین لە بەرامبەر رێککەوتنێکی جیددیی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەموو دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکەین."
 
ئەو بەرپرسەی حەماس ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگری دەکات لەوەی هیچ پێشکەوتنێک بە ئاراستەی ئاگربەستەکەدا هەبێت و گوتی: "بابەتەکە ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە داگیرکەر پاشگەز دەبێتەوە لە پابەندییەکانی و رێگری لە جێگەجێکردنی رێککەوتنێکی تایبەت بە ئاگربەست دەکات و بەردەوام دەبێت لە شەڕ."
 
میدیای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد، کە پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست پێشکێش بە بزووتنەوەی حەماس کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حەماس هیچی لەسەر ئەو پێشنیازە رانەگەیاندووە. 
 
نێوەڕۆکی پێشنیازەکە، بەگوتەی میدیای ئیسرائیل، ئەوەیە کە حەماس بارمتەی دیکەی ئیسرائیل ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەڕێنتی ئەوە بکات کە ئیسرائیل بچێتە نێو گفتوگۆکانی قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەی پێشوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا.

گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن

ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن، ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانن.