رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ، روویان لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆتێلەکانی وان 100٪ پڕبوون.
فەوزی چەلیکتاش، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان رایگەیاند، لە هۆتێل و مۆتێلە تۆمارکراوەکانی پارێزگای وان، 27 هەزار تەختی خەوتن هەن، بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە، 100٪ پڕ بوون. هەروەها سێ رۆژ پشووی فەرمیی سەری ساڵ هەیە، بەڵام گەشتیارانی ئێرانی لانیکەم سێ رۆژ پێشتر سەردانی وان دەکەن و بە تێکڕا هەفتەیەک دەمێننەوە.
چەلیکتاش راشیگەیاند، پارساڵ 434 هەزار گەشتیاری ئێرانی و رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی وانیان کردبوو، ئەمساڵیش 600 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەی کردووە.
سەبارەت بە داهاتی کەرتی گەشتیاریی وان، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان باس لەوە دەکات، هەر گەشتارێک لەماوەی مانەوەیدا لە پارێزگای وان، بە تێکڕا 500 دۆلار خەرج دەکات، بەمەش داهاتی گەشتیاری بۆ ئەمساڵ 300 ملیۆن دۆلار دەبێت.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان پێشبینی دەکات بۆ ساڵی 2024، یەک ملیۆن گەشتیار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ