رووداو دیجیتاڵ
دووشەممە ساڵیادی ئەنفالە، بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە، بڕیارە لە قەزای چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چەند چالاکییەک بەڕێوەبچێت.
ئارام محەممەد، سەرۆکی رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە چالاکییەکانی تایبەت بە تاوانی ئەنفال دەستیپێکردووە و 14ـی مانگ زنجیرەیەک چالاکی دیکە دەکرێت".
لە 8 قۆناخی ئەنفال، نزیکەی 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ کران. ئەنفال لە گەرمیان لە 14ـی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەک ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.
بە گوتەی ئارام محەممەد، 14ـی نیسان لە رێوڕەسمێکدا تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانی ئەنفال لە چەمچەماڵ دادەنرێت. هەمان رۆژ دوو پێشانگەی شێوەکاری تایبەت بە ئەنفال لە سنوورەکە دەکرێنەوە.
سەرۆکی رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی سنوورەکە کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە 14ـی مانگ باسی ئەنفال بکەن.
لە گەرمیانیش چالاکییەکانی یادی ئەنفال دەستیپێکردووە و دوێنێ لە هۆڵی رۆشنبیری و هونەری لە شاری کەلار، "دیداری نوگرە سەلمان لە گەرمیان" بەڕێوەچوو، تێیدا جگە لە پێشکێشکردنی چەند بابەتێکی تایبەت بە ئەنفال لەلایەن نووسەران و توێژەرانەوە، پێشانگەیەکی وێنەیی تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرایەوە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، جەبار شەهید محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک دەکەین و دواتر وردەکاری چالاکییەکانی 14ـی نیسان دەخەینەڕوو".
جگە لە چەمچەماڵ و گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ساڵانە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە چالاکی جیاواز یادی ئەنفال دەکرێتەوە.
ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.
پەرلەمانی عێراق لە 14ـی نیسانی ساڵی 2008دا، ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش کە دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە، لە سێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی 2010.
لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاونیشتمانی شەهیدکران، نزیکەی 4500 گوندیش رووخێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ