بەنداوی تشرین رادەستی حکومەتی سووریا دەکرێت

11-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرینی گەیشتوونەتە رێککەوتن، "کوردەکان لە بەنداوەکە دەکشێنەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 10-04-2025، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئیدارەی سەربەخۆ و حکومەتی سووریا لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرین گەیشتنە رێککەوتن."
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە شەڕڤانانی کورد لە بەنداوەکە بکشێنەوە؛ کە لە ساڵی 2015 بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە دەست داعشیان وەرگرتەوە.
 
هەر بەپێی رێککەوتنەکە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ناوەندیی سووریا کاری پاراستنی بەنداوەکە دەگرنە ئەستۆ و ئیدارەیەکی هاوبەشیش بەڕێوەی دەبات.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "لیژنە هاوبەشەکە سەرپەرشتیی چاککردنەوەی بەنداوەکە دەکەن."
 
بەگوێرەی روانگەی سووری: "چەند هێزێکی ئەمنیی کورسی بەشداریی لە تیمی پاراستنی بەنداوەکە دەکەن."
 
ئەو سەرچاوە ناونەهێنراوە گوتی، ئەو رێککەوتنە دوایین هەنگاوی جێبەجێکردنی رێککەوتنی مانگی ئادارە، کە بڕیاردرا دامەزراوەکانی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی وڵاتەکە تێکەڵ بکرێن.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی سووریا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەسەر ئەم رێککەوتنە نییە.
 
کانوونی یەکەمی رابردوو، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە حوکمی بەشار ئەسەد هێنا. ئێستا ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی هەتەشە سەرۆکی کاتیی سووریایە.
 
بەنداوی تشرین یەکێکە لەو چەندین بەنداوەی کە دەکەوێتە سەر رووباری فورات و لە نێوان منبج و کۆبانێدایە. ئاوی بەنداوەکە رۆڵێکی گرنگی لە ئابووریی سووریادا هەیە، ئاو بۆ ئاودێری و وزەی هایدرۆ کارەبایی دابین دەکات.
 
لەماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا، کە لە 2011 دەستیپێکرد، بەنداوەکە گۆڕەپانێکی چالاکی شەڕ بوو. سەرەتا بەنداوەکە کەوتە دەست گرووپە چەکدارەکان، دواتر داعش و پاشان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنتڕۆڵیانکردەوە. 
 
لە دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریری شام، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین دەستیپێکرد.
 
ئەو گرووپە چەکدارانە کە تورکیا پاڵپشتی دەکردن، نزیکەی چوار مانگ هەوڵی داگیرکردنی بەنداوی تشرینیان دا، بەڵام رووبەڕووی بەرگرییەکی تووندی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوە. بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەنداوەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار هۆشداری تەقینی بەنداوەکە و روودانی کارەساتی مرۆیی دا.
 
بەنداوی تشرین لە 22-4-2004 لەلایەن حکومەتی سووریاوە دروستکرا. ئامانجەکەش بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوو، ئەو بەنداوە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ و باکووری رۆژئاوای رەققە و سەر بە پارێزگای حەلەبە. توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 
ئاژانسی هەواڵی سووریا رۆژی یەکشەممە 06-04-2025 بڵاویکردەوە، "بە مەبەستی دەستکردن بە چاککردنەوەی بەشە لە کارکەوتووەکانی؛ تیمێکی چاککردنەوە گەیشتنە بەنداوی تشرین."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن.